بەپێی بەدواداچوونێكی kdp.infoدەركەوتووە كە دەستوری عێراقی رێگە بە كڕینی چەك لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە داوە

بەغدا- تایبەت بە kdp.info /لە رۆژانی رابردوو و دوای سەردانەكەی بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ روسیا هەواڵی هەوڵی كڕینی چەك لە روسیا بۆ هەرێمی كوردستان بڵاوبوەوەو دوای ئەوەش بەشێك لەلایەنە سیاسییە عێراقییەكان و بەرپرسانی حكوومەتی عێراق و ژمارەیەك ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی دژی وەستانەوەو بە كارێكی نا یاسایی و دەستووری لەقەڵەمیان دا، بەڵام ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و ناوەخۆ و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەرپەرچی ئەو لێدوانانە دەداتەوەو لە لێدوانێكیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە بەپێی بڕگەیەكی دەستوری عێراقی هەرێمی كوردستان دەتوانێت چەك لە وڵاتان بیانی بكڕێت.
شوان محمد تەها ئەندامی لیژنەی ناوەخۆ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بۆ( kdp.info ) گوتی: دەمێكە كە حكوومەتی عێراق خۆی لە دۆسیەی پێشمەرگە دەدزێتەوە، چونكە دەزانێت تەنها هێزی پێشمەرگە دەبێتە هۆی پاراستنی هێمنی و ئارامی و دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان واتا هەر هەڕەشەیەك یا فشاریێكی لەسەر پێشمەرگە راستەوخۆ هەڕەشە بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت دواتریش هەڕەشەیە بۆ سەر پرۆسەی دیموكراسی بەشێوەیەكی گشتی لە عێراق بۆیە لەو هەلومەرجەدا پێویستە سەركردایەتی سیاسی كورد چارەسەری پرسی پێشمەرگە بكات بۆیە بەرای من پێویستە دوو هەڵبژاردە بخرێتە بەردەم حكوومەتی عێراقەوە یەكەمیان دەبێت حكوومەتی عێراق هێزی پێشمەرگە (پاسەوانی هەرێم) بخاتە سەر وەزارەتی بەرگری لەرووی مووچە و مەشق و راهێنان و پڕچەككردن، هەروەها هەڵبژاردەی دووەم ئەگەر هەڵبژاردەی یەكەم جێبەجێ نەكرا پێویستە ساڵانە بەرێژەی %17 ی ئەو بودجەیەی بۆ وەزارەتی بەرگری عێراق تەرخان دەكرێت بۆ هێزی پێشمەرگە دابینبكریت.
ناوبراو گوتیشی : پێویستە حكوومەتی عێراق رێگە بە وەزارەتی پێشمەرگە بدات كە گرێبەستی چەك كڕین لە گەڵ وڵاتان دیكە مۆر بكات، چونكە لە مادەی 21 ی دەستوری عێراق لە بڕگەی پێنجەمدا هاتووە " حكوومەتی هەرێم تایبەتمەندە بۆ جێبەجێكردنی پێداویستییەكانی هەرێم بەتایبەتی بۆ دروستكردن و رێكخستنی هێزەكانی ناوەخۆ ( پۆلیس، ئاسایش، پاسەوانی هەرێم) هەروەها ئاشكرایە كە رێكخستن و پێشخستنی هێز پێویستی بە دابینكردن و كڕینی چەك هەیە بۆ دروستكردنی ئەو دامەزراوە بۆیە بەپێی ئەو مادەیەی دەستور، حكوومەتی هەرێمی بۆی هەیە چەك لە وڵاتان بیانی بكڕێت.




