ئۆجەلان دوو پەیامی ئاراستە كرد

توركیا – kdp.info/ پاش دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، شاندی سێ كەسییەكە پەیامەكانی ئۆجەلانیان بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان، دەوڵەتی توركیا، كوردان و ڕای گشتی ئەو وڵاتە ڕاگەیاند، بەپێی هەواڵی CNNturk: كدوێنێ شەممە شاندی پەرلەمانتارانی سەر بە پارتی ئاشتی و دیموكراسی پێكهاتوو لە ئاڵتان تان، سێری سورەیا ئوندەر و پەروین بوڵدان سەردانی ئیمرالیان كرد، دوای دیدار لەگەڵ ئۆجەلان، ئیوارەی دوێنی وەڵامی پرسیاری میدیاكارانی توركیایان دایەوە و دوو پەیامی ئیمرالییان ئاشكرا كرد، پەروین بوڵدان رایگەیاند: ئێستا دەتوانین تەنیا دوو پەیامی ئۆجەلان ڕابگەیێنین، یەكەم ئۆجەلان سڵاوی ئاڕاستەی كردووە، بۆ هەموو ئەو كەسانەی پشتگیریی لە دانوستانەكانی ئاشتی دەكەن و قۆناغی ئێستاشی بە هەستیار و دیاریكار، ناوبردووە و داوای لە كورد و حكومەتی و ڕای گشتیی توركیا كردووە هۆشیارانە و وردبینانە هەستیارییەكانی ئەم قۆناغە دەرك بكەن و هەموو ئەو شتانەی كە پێویستە بۆ سەرخستنی قۆناغەكە بگرنەبەر، دووەم عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕاشیگەیاندووە كە هەم پەكەكە و هەم توركیا ژمارەیەك زیندانیان لەلایە و داوای لە پەكەكە كردووە لەگەڵ زیندانییەكان هەڵسوكەوتێكی گونجاو و مرۆڤانە بكات و هیوای خواستووە كە هەموویان ئازاد بكات، بە گوێرەی ڕۆژنامەكانی حوڕییەت و سەباحی توركیش: ئەم شاندە كە لەلایەن خودی ئۆجەلانەوە بۆ سەردانكردنی ئیمرالی دیاری كرابوون، بڕیاربوو لەسەر دوو مەسەلەی گرینگی چەكدانانی پەكەكە و هەمواركردنەوەی یاسای بنەڕەتی توركیا گفتوگۆ بكەن.




