كۆمەڵ و یەكگرتوو لەگەڵ لێسەندنەوەی متمانەن لە مالیكی

فاتیح داراغایی پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، بۆچوونمان وەك فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ بۆچوون و تێڕوانینی تەباییی بارستەی كوردستانییەكانە لە بەغدا، لەسەر پرسی نیشتمانی و نەتەوەیییانەی كورد لە بەغدا یەك بۆچوون و یەك هەلوێستمان هەیە.
روونی كردەوە، كۆمەڵی ئیسلامی رەزامەندی پێشان داوە بە سازدانی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە مالیكی لە پۆستی سەرۆك وەزیران.
زیاتر گوتی، پێمان وایە ئەم هەنگاوە هەنگاوی كۆتایە لە دژی مالیكی، چونكە پێشترزۆر هەوڵ دراوە مالیكی كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لە عێراق بكا.
لای خۆیەوە ئوسامە جەمیل پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بە (ئاكانیوز)ی راگەیاند، ئەگەر هەموو لایەنەكانی كورد و تەباییی بارستە كوردستانییەكان رازی بن لەوەی متمانە لە مالیكی بسەندرێتەوە، ئێمەش پشتیوانی لەم هەنگاوە دەكەین.
ئاماژەی بەوەش دا، شتێك ناكەین پێچەوانەی ویست و داخوازییەكانی كورد و تەباییی بارستەی كوردستانیەكان بێ.
زیاتر گوتی، پێم وایە هەنگاوی لێسەندنەوەی متمانە لە مالیكی رەنگە چارەسەری پرسی تاكڕەوی لە حكوومڕانیی عێراق و ئەو ناكۆكییەی نێوان سوننە و شیعە بكا، هەروەها كاریگەریی ئەرێنیشی دەبێ لەسەر ئەوەی بەشێوەیەكی باشتر خزمەتگوزاری پێشكێش بە هاووڵاتییان بكرێ و لایەنی ئابووری لە عێراق باش بێ.
ئاماژەی بەوەش دا، بەڵام پێم وا نییە ببێتە هۆكارێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەت عێراق.




