بە پێى نوێترین زانیارى ، گەورەترین لێکجودابوونەوە لەناو ئەنجوومەنى نوێنەران روودەدات

هەولێر - ئاژانسەکان - KDP.info / بەپێى قسەى سەرچاوەیەکى تایبەت لەناو کوتلەى ئەحرارى ئەنجوومەنى نوێنەران، بڵاوکراوەتەوە لە ماوەى داهاتوودا گەورەترین جیابوونەوە لە نێوان لیستى هاوپەیمانى نیشتیمانى ڕوودەدات، لیستێکى نوێ دروست دەکرێت، ئەو سەرچاوە ناوى تەواوى ئەو ئەندامە جیابووەوانە ئاشکرادەکات .
ئەوسەرچاوە کە نەیویستووە ناوى ئاشکرابکرێت ئەوەى بۆ ڕۆژنامەى ئەلمدا ئاشکراکردووە کە هەریەکە لە بەها ئەعرەجى سەرۆکى کوتلەى ئەحرار و ماجید تەمیمى ئەندامى لیژنەى دارایى لە پەرلەمانى عێراق و عدى عەوادى ئەندامى لیستى ئەحرار و ریاز ساعدى و موسا و کازم سیادى لەگەڵ ئەندامێکى لیستى عێراقییەى سپى بەناوى ئەحمەد عریبى و ئەندامى سەربەخۆ لە ئەنجوومەنى نوێنەران سەباح ساعدى و هەردوو ئەندامى لیستى دەوڵەتى یاسا حوسێن ئەسەدى و جەواد بەزونى بەم نزیکانە لیستێکى نوێ رادەگەیەنن لەناو ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بەناوى رەوتى نیشتیمانى میانڕەو.
سەرچاوەیەک ئەوەى خستەڕوو کە سیاسەتى ئێستاى لیستى ئەحرار جۆرێک لە ناهاوسەنگى تێدایە بە تایبەتى جیاوازى بیرکردنەوەى بەشێک لە ئەندامەکانى لەگەڵ رەوتى سەدر، بۆیە ئەم رەوتە نوێیە دەیەوێت بچێتە ناو ئەو جومگانەى کە کاریان لەسەر نەکراوە، ئەو رۆژنامە ناوى دوو کەسى دیکە دەهێنێت کە بەنیازن بچنە ناو لیستەکەوە ئەوانیش ریاز غالى و موئەید تەمیمیە.
لەمبارەوە ئەندامى هاوپەیمانى نیشتیمانى جەواد بەزونى لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەى ئەلمەدا ئەوەى خستەڕوو کە ئێستا کۆبوونەوەى زۆر لە نێوان ئەندامانى هاوپەیمانى نیشتیمانى دەکرێت بۆ راگەیاندنى هاوپەیمانیەتێکى نوێ لە کاتێکدا کوتلە سەرەکییەکانى ناو ئەنجوومەنى نوێنەران تەنیا دەیانەوێت کاتەکە بڕوات .
هەر لەمبارەوە ئەحمەد جبورى ئەندامى لیستى وەتەنى جیابووەوەى لیستى عێراقییە بۆ ئەو رۆژنامەکە ئەوە دەخاتەڕوو سەرجەم ئەندامە سەربەخۆکانى ئەنجوومەنى نوێنەران دەچنە ناو لیستێکى سەربەخۆوە بە مەبەستى بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە مانگى نیسانى ئەمساڵداو گوتیشى : ژمارەى جیابووەوەکانى سەرجەم لیستەکان نزیکەى 20 کەس دەبن و سەرجەمیان کەسە چالاکەکانى ناو ئەنجوومەنى نوێنەرانن .
لەمبارەوە عەبد حوسین عەبتان ئەندامى هاوپەیمانى نیشتیمانى بۆ ئەلەمدا رەتى کردەوە هەوڵێکى لەوشێوە هەبێت کە ئەندامانى هاوپەیمانى نیشتیمانى خەریکى جیابوونەوە بن.
هاوکات ئەندامى سەربەخۆ لە ئەنجوومەنى نوێنەران کازم سیادى هەفتەى رابردوو ئەوەى ئاشکراکرد کە هەوڵێک هەیە بۆ دروستکردنى لیستێکى نوێ لەناو ئەنجوومەنى نوێنەران بەناوى ئەحرارى نیشتیمانى لە کاتێکدا سەرجەم ئەندامانى سەر بە لیستى ئەحرار بوون .
ئامادەکردنى کارزان هەورامى




