عێراقییە: مالیكی دەستبەرداری پۆستەكەی دەبێ بەومەرجەی راوەدووی نەنێن

لیستی عێراقییە كە لەلایەن ئەیاد عەلاوی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراقەوە سەرۆكایەتی دەكرێ، ئاشكرای كرد پێشنیارێكی بەدەست گەیشتووە كە برێتییە لەوەی نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستبەرداری پۆستەكەی دەبێ، بەومەرجەی راوەدووی نەنێن.
هادی زاڵمی گۆتیاری بزووتنەوەی ویفاقی نیشتمانی كە سەر بە لیستی عێراقییەیە، بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، هەندێ لەو لایەنانە كە هەوڵی نەهێشتنی تەنگژەی ئێستەی نێوان دەوڵەتی یاسا و لایەنە سیاسییەكانی تری عێراق دەدەن، پێشنیارێكیان خستووەتە روو كە برێتییە لە دەست لەكاركێشانەوەی مالیكی لە پۆستەكەی لەبری راوەدوونەنانی لە ماوەی خولی یەكەم و دووەمی سەرۆكایەتییەكەیدا.
زاڵمی روونی كردەوە، شیمانە هەیە ئەم پێشینارە لەلایەن مالیكییەوە كرابێ، دوای ئەوەی دوێنێ پێنجشەم لەگەڵ هەریەك لە جعفەری و حەكیم كۆبووەوە.
ئاماژەی بەوەش دا، عێراقییە پێشنیارەكەی بەدەست گەیشتووە و تاوتوێی مەودای رژدبوونی و هاوئاهەنگیی پێشنیارەكە لەگەڵ پێوەرە یاسایییەكان دەكا و لە دژی دەستوور هەنگاو نانێ.
پێشتر لیستی عێراقییە كۆكردنەوەی 164 دەنگی بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە حكوومەتی مالیكی راگەیاندبوو، بەڵام تەباییی دەوڵەتی یاسا دەڵێ تاڵەبانی ئەو داواكارییە رەت دەكاتەوە.




