٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بە مەبەستی پەکخستنی مەرزی پەروێزخان و مونزرییە لە دیالە مەرزێکی نوێ دەکرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

  ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە رایدەگەیەنێت، پارێزگاری دیالە رایگەیاندووە کە پلانیان داناوە بۆ کردنەوەی مەرزێکی نوێ لە نێوان عێراق-ئێران لە سنووری شارەدێی مەندەلی کە بە پێی زانیارییەکان کردنەوەی ئەو خاڵە سنوورییە بۆ پەکخستنی ھەردوو خاڵی سنووری پەروێزخان و مونزرییە لە سنووری شاری خانەقین.
ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە نەسرین بەھجەت تایبەت بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاندوه‌ ؛ لە کۆبونەوەیەکدا پارێزگاری دیالە عومەر ئەلحومێری رایگەیاندووە کە لە بەرنامەو پلانیاندایە پاش وەرگرتنی ڕەزامەندی حکوومەتی ناوەند دەروازەیەکی نوێ لە سنووری دیالە لە نێوان عێراق-ئێران بکەنەوە کە دەکەوێتە سنووری شارەدێی مەندەلییەوە.
نەسرین ئاماژەشیدا، لە ڕاستیدا وادەردەکەوێت کردنەوەی ئەو خاڵە سنورییە بۆ پەکخستنی کارەکانی ھەردوو مەرزی مونزرییە و پەروێزخان بێت لە سنووری شاری خانەقین، چونکە پێشتریش لەسنوری پارێزگای دیالەوە لەوبارەیەوە ھەوڵدراوە و بە تایبەتیش لە لایەن ھێزەکانی دیجلەوە کە تا ئێستا چەندینجار رێگری لەو ئۆتۆمبیلە بارھەڵگرانە کراوە کە لەھەردوو مەرزی مونزریە و پەروێزخان لە ئێرانەوە کەرەستەو شتومەک دەھێنن بۆ ناوەراست و خوارووی عێراق کە زۆربەی شۆفێرەکانی ئەو مەرزانەش کوردن.
ناوبراو راشیگەیاند، لە کاتێکدا کردنەوەی ئەو مەرزە نوێیە چووە بواری جێبەجێکدرنەوە و دەرکەوت بە راستی مەرامی دیکە لە پشتەوەیە و بۆ پەکخستن و لێدانی بەرژەوەندی ھاوڵاتیانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمە، ئەوا بێگومان ھەڵوێستیان دەبێت رێگری دەکەن لە کردنەوەی، ئەگەریش مەرزە نوێیەکە بە شێوەیەکی ھاوبەش و بۆ مەبەستی سودبەخشین بێت بە ناوچەکە بە شێوەیەکی گشتی ئەوا کارێکی ئاساییە.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە رونیشیکردەوە،حکوومەتی دیالە ھیچ پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری پێشکەش بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە سنووری خانەقین ناکات و بەردەوام لە ھەوڵی پەراوێزخستن و لێدانی بەرژەوەندنی ھاوڵاتیانی کوردی ئەو ناوچانەیە.

هەواڵی پەیوەندیدار