ئەردۆغان" ئەوەی لە سنوپ روویدا رەگەزپەرەستی بوو

تورکیا_ kdp.info/ رۆژی هەینی سەرۆک وەزیری تورکیا رەجەب تەییب ئەردۆغان سەبارەت بە رووداوەکانی شارەکانی سنوپ و سامسونی ناوچەی قەرەدەنیز وتی" سەرەتا من وەکو سەرۆک وەزیری ئەم وڵاتە زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو رووداوانە دەکەم و رادەگەینم کە ئەم رووداوانە بێجگە لە رەگەزپەرەستی دواکەوتوو هیچ شتێکی دیکە نییە و ئیدانەی ئەو کەس و لایەنانەیش دەکەم کە خەڵکیان هان داوە.
سەرۆک وەزیری تورکیا رەجەب تەییب ئەردۆغان لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا هەر دوو پارتی بەرهەڵەستکاری جەهەپە و مەهەپەی رەخنە کرد و وتی" ئەم دوو پارتە هەوڵً بۆ گۆڕ کردنی ئاگری رەگەزپەرەستی دەدەن و دەیانەوێ قۆناخی نوێ و هەوڵدانەکان بۆ چارەسەر کردنی پرسی کورد لاواز و بێ ئەنجام بکەن.
ئەردۆغان جەختی لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە ئارمانجی بەدەپە لە سەردانی دەڤەری قەرەدەنیزدا شرۆڤە کردنی قۆناخی نوێ و کۆ کردنەوەی پشتگیری بۆ قۆناخی نوێ بوو بەڵام ئەو کەس و لایەنانەی کە خەڵکیان هاندا تا هێرش بکەنەوە سەر پارلەمانتارەکانی بەدەپە و کونگرەی کومەڵگەی دیموکراتێک بە راستی نایانەوێ تورکیا رۆژی خۆش ببینێت و گەلانی تورکیا بە لێبووردەیی و تەبایی پێکەوە بژین.




