ئەرمەنستان ئامادەیە وەبەرهێنان لە بواری كشتوكاڵی هەرێمی كوردستاندا ئەنجام بدات

هەولێر- / KDP.infoلە دیدارێكی پرۆفیسۆر سیروان بابان وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەگەڵ شاندێكی وەزارەتی ئابووریی ئەرمەنستان بەسەرۆكایەتیی هاریۆتیان تیكران بریكاری وەزارەتی ئابووری بە یاوەریی ژمارەیەك لە نوێنەرانی كۆمپانیاو بزنسمانانی ئەرمەنستان بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرانی گشتیی پلان و بەدواداچوون و رەزگەری و دارستان، باس لە هەماهەنگی نێوان وەزارەت وحكومەت و كۆمپانیا وەبەرهێنەرەكانی ئەو وڵاتە كرا.
لە تەوەرەكانی دیدارەكە شاندی میوان ئاماژەی بە رەخساندنی دەرفەتی كارو وەبەرهێنانی كۆمپانیاكانی ئەرمەنستان كرد لە لایەنەجیاجیاكانی كشتوكاڵ وئاودێری و سامانی ئاژەڵ، لەم رووەوە باسیان لە ئەگەری كاركردن لە بواری ئەندازەی چاندنی گوڵ و بەخێوكردنی ماسی و پەلەوەرو سەرچاوەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان كرد،لەلای خۆشیەوە وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو جەختی كردەوە كە لە كوردستان دەرفەتی كاركردن و وەبەرهێنان بۆ هەموو كۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەكان دەستەبەركراوەو ئاماژەشی بەو یاسایە كرد كە تایبەت بە دەستكەوت و ماف و ئەرك بۆ بزنسمان و كۆمپانیا وەبەرهێنەرەكان دابینی كردووە، هاوكات روونی كردەوە كە وەزارەت نەخشەرێگەی هەیە كە پەیوەستە بە جۆرو بڕی بەرهەمهێنان بۆ گەیشتن بە خودبژێوی و دابینكردنی ئاساییشی خۆراك و ئاو .
لە تەوەرێكی دیكەدا داوای كرد كە ئەرمەنستان بەشداریی بكەن لەو كۆنگرە فراوانەی كە وەزارەت لەم ساڵدا سازی دەكات تاكو بە پێداویستی و پلان و بەنامەكانی وەزارەت ئاشنابن لەو بوارانەی كە لەو ئەولەویاتانەی جێی بایەخ و گرنگی پێدانی وەزارەتە،بریكاری وەزارەتی ئابووریی ئەرمەنستان خۆشحاڵی خۆی بەو پێشكەوتنە دەربڕی كە هەرێمی كوردستان لە بوارەكانی بنیادنان و پەرەپێدانی ئابووری بەخۆیەوە دەبینێت وئامادەیی وڵاتەكەشی دووپات كردەوە بۆ پێشكەشكردنی هەموو جۆرە شارەزاییەك كە ببێتە فاكتەری پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵ و ئاودێری لە هەرێمی كوردستان.لەم رووەوە وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئاماژەی بەوەكرد كە كەرتی كشتوكاڵ پێویستی بە وەبەرهێنانە و رۆڵی كۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەكانی بەرز نرخاند لە بووژاندنەوەیدا ،جەختیشی كردەوە كە ئەمە بە تەنیا ئەركی حكومەت نییە بۆیە هاوكاریی هەموو لایەك بنەمای سەركەوتنی ئەم پرۆسەیەیە.




