٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

مەحما خەلیل: پێویستە دەستور بەکردەوە جێبەجێ بکرێت

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا- تایبەت بە – KDP.info/ مەحما خەلیل ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆKDP.info رایگەیاند: ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لە نێوان کوتلە سیاسییەکان لە شاری ھەولێر ھەنگاوێکی گرنگە، بەڵام پێویستە ئەو رێکكەوتنانەی لەم کۆبوونەوەیە ئەنجام دەدرێن جێبەجێبکرێن، نەک وەکو ئەوی پێشوتر کە چەندین رێکنەوتن ئەنجامدران، بەداخەوە نوری مالکی پابەند نەبووە پێیەوە، تەنیا ئەوانەی جێبەجێکرد کە لە بەرژەوەندی خۆی دابوو.

ئەو ئەندامەی لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی راشیگەیاند: پێویستە ئەو رێكکەوتنانەی پێشوتر لە شاری ھەولێر لە نێوان کوتلە سیاسییەکان ئیمزا کراون بکرێنە بنەما بۆ ئەو کۆبوونەوەی بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگە لەھەولێر سازبکرێت، چونکە گەر ئەو رێکكەوتنانە جێبەجێ بکرێن زۆربەی کێشەکان چارەسەر دەبن.

مەحما خەلیل گوتیشی: ئێمە دەمانەوێت ھەموو کێشەکان بەپێی دەستور چارەسەربکرێن، بەڵام رۆژانە لیستی دەولەتی قانون و سەرۆکی حکوومەتی عێراق دەستور پێشێل دەکەن و خۆیان پابەند نابن بە دەستور .

خەلیل رونیشیکردەوە: پێویستە دەستور بە کردەوە جێبەجێ بکرێت نەک تەنیا دروشمێک بێت وەک ئەوەی ئێستا حکوومەتی عێراق دەیکات کە ڕۆژانە باس لەوە دەکات پێویستە کێشەکان بەپێی دەستور چارەسەربکرێن، بەڵام لەواقیعدا خۆی پێشێلی دەستور دەکات.

 

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار