دایکی سەرباز و گەریلا کوژراوەکان لە دیاربەکر کۆ دەبنەوە
دیاربەکر- KDP.info/ بە مەبەستی پشتگیریکردن لە قۆناغی ئاشتەوایی لە تورکیا و چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا، ژمارەیەکی یەکجار زۆر رێکخراو و کۆمەڵەی ناحکوومی کوردستانى باکور دەستیان بە دەستپێشخەرییەک کردووە.
بە پێى ئەم دەستپێشخەرییە کە لە لایەن زیاتر لە 73 رێکخراو و کۆمەڵەی مەدەنییەوە پێشکەش کراوە بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا لە شاری دیاربەکر 10 دایکی سەربازە کوژراوەکان و 10 دایکی گەریلا کوژراوەکان پێکەوە کۆببنەوە و داوای راوەستاندنی شەڕ و رژاندنی خوێن بکەن و پشتگیری خۆیان بۆ قۆناغی ئاشتەوایی و چارەسەرکردنی پرسی کورد بە رێگای ئاشتییانە دەرببڕن.
لە لێدوانێکدا وتەبێژی ئەم دەستپێشخەرییە ئاماژەی بەوە کردووە کە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستانى باکور بۆ پشتگیری کردن لە چارەسەرکردنی پرسی کورد دەستیان بە چەندین چالاکی جۆراوجۆر کردووە کە کۆکردنەوەی دایکی سەرباز و گەریلا کوژراوەکانیش یەکێک لەم دەستپێشخەریانەیە و ئارمانجیان لەم دەستپێشخەرییانە ئامادە کردنی رای گشتی بۆ پشتگیریکردن لە چارەسەرکردنی پرسی کوردە.




