لەیلا زانا: نابێت ئەم هەڵەیە لە دەست بدەین
تورکیا - KDP.info/ پارلەمانتاری سەربەخۆی شاری دیاربەکر و سیاسەتمەداری ناوداری کورد خاتوو لەیلا زانا لە دیمانەیەکی تایبەتیدا لە گەڵ رۆژنامەی نیویورک تایمزدا باسی قۆناغی ئاشتەوایی لە تورکیا کردووە و گوتوویەتی: بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا زەمینە و دەرفەتی گونجاو رەخساوە.
زانا لە بەشێکی دیکەی ئەم دیمانەیەدا گوتوویەتی: ژمارەی کوژراوانی هەر دوو لا بووەتە هۆکاری بریندار بوونی کۆمەڵگە و بێجگە لەمەیش سەرچاوە دارایی و ئابوورییەکانی وڵات و سەرچاوە مرۆییەکانی وڵات بەبێ هیچ سوودێک لە دەستچوونە، مێژووی چەند ساڵەی رابردوو ئەمەی سەلماندووە کە بە شەڕ و بە زۆر هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکرێت.
زانا ئاماژەی بەوە کردووە کە پرسی کورد لە تورکیا تەنیا بە رێگای دیالۆگ و دانوستانەوە چارەسەر دەکرێت و ئەمڕۆش لە تورکیا بارودۆخێکی یەکجار گونجاو بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ئارادایە هەر بۆیە پێویستە کورد و تورک بیر لەوە بکەنەوە کە باشترین سوود لەم دەرفەتە وەربگرن و ئەم دەرفەتە لە دەست نەدەن.




