لە هەر 20 خۆلەیەک لە ئێران کەسێک زیندانی دەکرێت
سەرۆکی گشتی دادگای پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا لە ئێران توکل حیدری لە دووەمین کۆبوونەوەی تایبەت بە زیندانەکانی ئێران لە تاران ئاماژەی بەوە کردووە کە لە نێو هەر 20 خۆلەیەکدا لە ئێران هاووڵاتییەک دەکەوێتە زیندانەوە.
توکل حیدری لە وتەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بە هۆی لاوازی کلتوورییەوە ئاستی روودانی تاوانی جوراوجۆر لە سەرانسەری ئێراندا رووی لە زیادبوون کردووە و هەژاری و نەداریش ئەم ئاستەیان دوو ئەوەندە بەرزتر کردووەتەوە.
ناوبراو باسی ئەوەی کردووە کە دیاردەیەکی نوێ لە ئێران سەری هەڵداوە کە ئەویش ویستی مرۆڤەکان بۆ ژیانێکی باش و کۆ کردنەوەی پارەیەکی زۆرە کە ئەمەیش لە لایەن چینی سەرمایەدار و بەرپرسەکانەوە بڵاوی نێو کۆمەڵگە بووەتەوە و ئەم دیاردەیەیش بووەتە هۆکاری زۆرتر بوونی تاوانە جوراوجۆرەکان لە سەرانسەری ئێراندا.
سەرچاوەکە باسی ئاماری زیندانییەکانی کردووە و گوتوویەتی: لە هەر 100 هەزار کەس لە جیهان تەنیا 148 کەس لە نێو گرتووخانەکان دان، بەڵام لە ئێراندا لە هەر 100 هەزار کەس زیاتر لە 285 کەس لە نێو گرتووخانەکان دان.




