نێچیرڤان بارزانی داوای پشتگیریی كه‌رتی كشتوكاڵی له هۆڵه‌ندا كرد

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 20ی شوباتی 2013، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له شاندێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌ندا كرد كه له خاتوو ڕێنێ جۆنه‌س جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه و هاری مۆلێنه‌ر باڵیۆزی هۆڵه‌ندا له عیراق و یێرۆن كێلده‌رهاوس به‌رپرسی نووسینگه‌ی هه‌ماهه‌نگیی هۆڵه‌ندا له هه‌رێمی كوردستان؛ پێكهاتبوو.
له دیدارێكدا باس له په‌یوه‌ندییه‌كان و ڕه‌وشی ئێستای نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدرالی عیراق كرا و كێشه و گرفته‌كانی نێوان هه‌ردوولا و ئه‌و دۆسێیانه‌ی تا ئێستا به هه‌ڵپه‌سێراوی ماونه‌ته‌وه، خرانه به‌ر باس و گفتوگۆ. هه‌روه‌ها بارودۆخی ناوچه‌كه به گشتی و سووریا به تایبه‌تی و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و به تایبه‌تیش توركیا، گفتوگۆیان له باره‌یه‌وه كرا.
له دیداره‌كه‌دا شاندی هۆڵه‌ندی ڕایگه‌یاند كه وڵاته‌كه‌یان نیازی هه‌یه وه‌كوو ڕێزگرتنێك له قوربانیانی كاره‌ساتی كیمیاباران، مۆنۆمێنتێكی یاده‌وه‌ریی هه‌ڵه‌بجه له هۆڵه‌ندا دروست بكه‌ن. ده‌رباره‌ی بواری ئابووری و پێشكه‌وتنی ئابووریش له هه‌رێمی كوردستان، شاندی میوان ئاماده‌یی كۆمپانیا هۆڵه‌ندییه‌كانیان نیشان دا بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌ردوو بواری ژێرخان و سه‌رخانی ئابووریدا ڕۆڵی خۆیان له هه‌رێمی كوردستان ببینن و به‌شداری له پرۆسه‌ی گه‌شه‌سه‌ندنی هه‌رێمی كوردستاندا بكه‌ن، به تایبه‌تیش له بواری كشتوكاڵدا كه گرنگییه‌كی زۆری پێ ده‌ده‌ن و له‌مباره‌یه‌شه‌وه له‌گه‌ڵ وه‌زیری كشتوكاڵ و ئاودێری و چه‌ندین وه‌زیر و به‌رپرسی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان دیدار و كۆبوونه‌وه‌یان ساز داوه.
لای خۆیه‌وه نێچیرڤان پێشوازی له‌م هه‌وڵانه كرد و به تایبه‌تیش سوپاس و پێزانینی خۆی ده‌ربڕی بۆ ئه‌و مۆنۆمێنته‌ی كه ده‌یانه‌وێ له هۆڵه‌ندا بۆ یاده‌وه‌ریی هه‌ڵه‌بجه دروستی بكه‌ن، هه‌روه‌ها داوای لێ كردن كۆمپانیا هۆڵه‌ندییه‌كان به‌و ئه‌زموونه فراوانه‌ی له بواری كشتوكاڵیدا هه‌یانه، ڕوو بكه‌نه كوردستان و چ له بواری وه‌به‌رهێنان و چ له بواری پێشكه‌شكردنی شاره‌زاییدا، هاوكاری پێشكه‌ش به هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.
ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدرالیش سه‌رۆك وه‌زیران دووپاتی كرده‌وه كه هه‌رێمی كوردستان وه‌ك به‌شێك له عیراق له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه گفتوگۆ و دیالۆگی به‌رده‌وام بۆ چاره‌سه‌ریی كێشه و گرفته‌كان هه‌بێت و هه‌وڵ بدرێت هه‌موو كێشه و گرفته‌كان له ڕێگه‌ی دیالۆگ و گفتوگۆوه چاره‌سه‌ر بكرێن.
له لایه‌كی دیكه‌وه، هه‌ر ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانی چاوی به ئه‌ندامی په‌رله‌مانی به‌ریتانیای به ڕه‌چه‌له‌ك كورد نازم زه‌هاوی كه‌وت. له دیداره‌كه‌دا ڕه‌وشی ئێستای هه‌رێمی كوردستان و عیراق و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدرالی عیراق و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر خرایه به‌ر باس و بیروڕایان ده‌رباره‌ی ئه‌م پرسانه گۆڕیه‌وه.
لای خۆیه‌وه نازم زه‌هاوی هه‌وڵه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له ڕێی دیالۆگه‌وه به‌رز نرخاند و ڕایگه‌یاند پێشكه‌وتنه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی له بواری بنیاتنانی ژێرخان و پێشكه‌وتنی ئابووری و وزه‌دا؛ مایه‌ی گرنگی و بایه‌خپێدانی به‌ریتانیایه.




