ئەمڕۆ لەهەولێر نوسینگەی كونسڵخانەی هۆڵەندا كرایەوە
هەولێر- تایبەت بە KDP.info/ بەئامادەبوونی كەریم سنجاری وەزیری ناوەخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و جێگری وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا و باڵوێزی ئەو وڵاتە لە عێراق و ژمارەیەكی لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان و هۆڵەندا ئەمڕۆ لە شاری هەولێر نوسینگەی هەماهەنگی كونسڵخانەی هۆڵەندا لەهەرێمی كوردستان لەشاری هەولێر كرایەوە.
لەمیانەی رێورەسمەكەدا فیلمێكی دۆكیۆمێنتاری دەربارەی لایەنە جۆراوجۆرەكانی میرنشینی هۆڵەندا بۆ ئامادەبووان پێشكەشكراو دواتر هەریەكە لە بەرپرسی نووسینگەی هەماهەنگی كونسڵخانەی هۆڵەندا لەهەولێر و باڵوێزی ئەو وڵاتە لە عێراق بەو بۆنەیەوە وتەیان پێشكەش كرد دواتر (رێنی جۆنسی) جێگری وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا لە وتەیەكیدا خۆشحاڵی خۆی بۆ كردنەوەی ئەو نووسینگەیە دەربڕی و هیوای خواست ببێتە هۆی پتەوبوونی زیاتر پەیوەندییەكانی وڵاتی هۆڵەنداو هەرێمی كوردستان و گوتیشی حكوومەتی هۆڵەندا ئاگادارەو زانیاری لەسەر ژیانی رابردووی گەلی كورد هەیە و كە چەندین جۆر مەینەتی بەسەر ئەو گەلەدا هاتووەو چەوسێندراوەتەوە.
لەلایەن خۆشیەوە (كەریم سنجاری) وەزیری ناوەخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وتەیەكی پێشكەش كرد و خۆشحاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ كردنەوەی ئەو نووسینگەیەی هۆڵەندا دەربڕی و هیوای خواست كە پەیوەندییەكانی هەردوولا بەرەو پێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت و داوای لەسەرمایەداران و وەبەرهێنەرانی هۆڵەندا كرد كە بێن و لەهەرێمی كوردستان كاربكەن بۆ بوژانەوەی ژێرخانی ئابوری هەرێمی كوردستان و ئامادەیی هەموو هاوكارییەكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لەمبارەیەوە دەربڕی.
بڕوا بەرزنجی




