هۆڵەندا نوێنەرایەتی خۆی لەهەرێمی كوردستان دەكاتەوە

ههولێر- KDP.info/ ئەمرۆ سێ شەممە 19/2/2013، دكتۆر حەسەن محەمەد سوورە جێگری سەرۆكی پەرلەمان بە ئامادەبوونی فرسەت ئەحمەد سكرتێری پەرلەمان، پێشوازیی لەخاتوو رێنێ جۆنس بۆس سكرتێری گشتی وەزارەتی كاروباری دەرەوەی هۆڵەندا بۆ عێراق و هاری مۆلنار باڵیۆزی هۆڵەندا لەعێراق و شاندێكی باڵای یاوەریان كرد.
لەدیدارێكدا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و هۆڵەندا و رەوشی سیاسی عێراق بەگشتی و رەوتی سەقامگیری ئەمنی و ئەزمونی دیموكراسی و گەشەپێدانی بوارەكان لەهەرێمی كوردستان خرایە بەرباس و گفتوگۆ.
خاتوو رێنێ جۆنس بۆس سكرتێری گشتی وەزارەتی كاروباری دەرەوەی هۆڵەندا بۆ عێراق خۆشحاڵی خۆی بەسەردانی هەرێمی كوردستان و پەرلەمان دەربڕی و ئەوەی خستە روو لەیەكەم سەردانم بۆ هەرێمی كوردستان هەست بە گەشەپێدان و بوژاندنەوەیەكی مەزن دەكەم بە تایبەت فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر كە لەچاو فرۆكەخانەی ئەمستردام رێكوپێكترە، دواتر ئامانجی سەردانەكەیانی خستە روو لەپێناو كردنەوەی نووسینگەی نوێنەرایەتی هۆڵەندا لەهەرێمی كوردستان و ئەنجامدانی ژمارەیەك دیدار بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا و هەوڵدان بۆ كاركردنی كۆمپانیا هۆڵەندییەكان لەبواری ئاوو سەرچاوەكانی ئاوو كشتوكاڵ و چۆنیەتی پەرەپێدانی ئەو بوارە لەهەرێمی كوردستان.
لەبەرامبەردا دكتۆر حەسەن محەمەد سوورە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندەكەی كرد و رۆڵی هۆڵەندای لەپشتیوانی كردنی كێشەی كورد بەرز نرخاند و سوپاسی كردن بە دانانی مۆنیۆمینتی شەهیدانی هەڵەبجە لەدانهاخ و هیوای سەركەوتنی كارەكانی نوێنەرایەتی هۆڵەندای لەهەرێمی كوردستان خواست و ئامادەیی تەواوی پەرلەمانی كوردستانی نیشاندا بۆ هەماهەنگی و پتەوكردنی پەیوەندییەكان و ئەوەشی خستە روو كە هەرێمی كوردستان زەمینەیەكی لەبارە بۆ كاری وەبەرهێنان و هاتنی كۆمپانیاكان بۆ ئەوەی لەرەوتی گەشەپێدان و ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستان بەشداربن.
دواتر جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان زۆر بەوردی تیشكی خستە سەر رەوشی سیاسی عێراق و تەنگژەكانی بەردەم پرۆسەی سیاسی و شیكردنەوەی پێویستی لەبارەی كارەكانی پەرلەمانی كوردستان و پێكهاتەكانی خستە روو كە جێی سەرنجی شاندی میوان بوو .
لەكۆتایشدا خاتوو رێنێ جۆنس بۆس سكرتێری گشتی وەزارەتی كاروباری دەرەوەی هۆڵەندا بۆ عێراق دیارییەكی بەم بۆنەیە پێشكەشی جێگری سەرۆكی پەرلەمان كرد.




