٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پۆلیسی هەولێر دەستگیركردنی 17 تاوانباری راگەیاند

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- KDP.info/ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، دەستگیركردنی 17 تاوانباری راگەیاند كە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا چەند تاوانێكی جۆراوجۆریان لە هەولێر ئەنجام داوە.

گوتەبێژی فەرمیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر عەقیدی مافپەروەر عەبدولقادر محەمەد حەسەن، لە پرێسكۆنفڕانسێكدا ئاشكرای كرد كە لە سەرەتای ئەمساڵەوە پۆلیسی هەولێر 17 تاوانباری قۆڵبەست كردووە كە چەندین تاوانی جیاجیایان لە هەولێر ئەنجامداوە، وەك دزین و كوشتن و چەند تاوانێكی دیكە.

عەقید عەبدولقادر گوتی: لە كەسنەزان تاوانبار (ی.ف.ا) بایی شەش هەزار دۆلار زێڕی لە ماڵێك دزیبوو و هەروەها تاوانبار (ع.ح.ع) لە كۆمەڵگەی دەشتی بەهەشت كۆمەڵێك كەلوپەلی بیناسازیی دزیبوو، بۆیە هەردوو تاوانبار بە گوێرەی ماددەی 443 و ماددەی 446 ی یاسای سزادانی عێراقی، سزا دراون.

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئەوەیشی خستە ڕوو كە تاوانبارێكی دیكە بە ناوی (م.ش.ر) نۆ لاپتۆپی لە هۆڵەكانی خوێندنی كۆلێژی ئەندازیاریی بردبوو و هەروەها تاوانبار (ص.م.م) لە گەڕەكی شارەوانی چەند لاپتۆپ و كەلوپەلێكی لە چەند ماڵێك دزیبوو و هەردوو تاوانباریش بەپێی ماددەی 446، بەند كراون.

ڕوونیشی كردەوە كە هەرسێ تاوانبار (چ.ب.چ) و (چ.ك.ه) و (چ.ك.ه) كە بە ڕەگەز هیندین، سێ كیلۆ و 600 گرام زێڕیان لە كۆمپانیایەكی دروستكردنی زێڕ لە هەولێر دزیبوو و پاش دەستگیركردنیان، دانیان بە تاوانەكەدا ناوە و بە گوێرەی ماددەی 446 سزا دراون.

عەبدولقادر محەمەد گوتیشی: تاوانبار (ا.ز.م) دزیی لە ماڵێك كردبوو و وێڕای ئەوەش هەڕەشەی لە خاوەنی ماڵەكە كردبوو، بەڵام دواجار پۆلیسی نەهێشتنی تاوان قۆڵبەستی كرد و بە گوێرەی ماددەی 446 بەند كراوە. هەروەها تاوانبار (م.م.ع) شەش هەزار دۆلاری بە فێڵ لە كەسێك وەرگرتبوو و دواتر هەڵاتبوو، بەڵام ئەویش هەر لە لایەن پۆلیسی نەهێشتنی تاواناوە دەستگیر كرا و بەپێی ماددەی 452 سزا دراوە.

عەقید عەبدولقادر وێڕای ئاشكراكردنی ناسنامەی تاوانبار (م.ا.ص) كە سێ ئۆتۆمبێلی لە هەولێر دزیبوو و پاشان جێی هێشتبوون، روونی كردەوە كە ئەو تاوانبارە پێشتر لەسەر دزینی سێ ئۆتۆمبێلی دیكە گیرابوو و هەشت مانگ زیندانی كرابوو، ئەمجارەیش بەپێی ماددەی 446 سزا دراوەتەوە.

ئەو هەروەها زیادیشی كرد كە تاوانبار (ج.ا.ح) كە خەڵكی مووسڵە، لە گەڕەكی بەختیاری شاری هەولێر كیلۆیەك زێڕ و بڕێك پارەشی دزیبوو، بەڵام پاش كاتژمێرێك دەستگیركرا و بەپێی ماددەی 443 سزا دراوە.

هەروەها تاوانبار (ف.ع.ق) شەش لاپتۆپ و 11 مۆبایل و دەمانچەیەك و دوو كامێرا و چەندین كەلوپەلی تری ئەلیكترۆنیی دزیبوو، ئەویش بە پێی ماددەی 443 قۆڵبەست كراوە.

گوتەبێژەكەی پۆلیسی هەولێر، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە هەردوو تاوانبار (ن.م.س) و (ن.م.س) كە برای یەكترن، كەسێكیان بە ناوی (ك.خ.چ) لە ناحیەی دارەشەكران كوشتووە، كە دانیان بە تاوانەكایندا ناوە و بە گوێرەی ماددەی 405 مامەڵەی یاساییان لەگەڵدا دەكرێت.

وێڕای ئەوانەش، هەردوو تاوانبار (ا.خ.ا) و (ا.ا.خ) كە كوڕ و باوكن، كچەكەیان لە شاری زێڕین كوشتووە و ئەوانیش بەپێی ماددەی 406 بەند كراون. هەروەها تاوانبار (ك.ا.پ) لە ناحیەی دارەتوو خوشك و دایكی خۆی بە چەقۆ كوشتووە، تاوانبار قۆڵبەست كراوە و بە گوێرەی ماددەی 405 سزا دراوە.

 

 

 

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار