سه‌رۆك بارزانی: پیلانێكى داڕێژراو هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى بیرى نه‌ته‌وه‌یى له لاى گه‌نجانى وڵات دوور خه‌نه‌وه

به بۆنه‌ى شه‌سته‌مین ساڵوه‌گه‌رى دامه‌زراندنى هه‌ردوو ڕێكخراوى یه‌كێتى قوتابیان و یه‌كێتى لاوانى دیمو‌كراتى كوردستان له شارى هه‌ولێر به ئاماده‌بوونى به‌ڕێز مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و ژماره‌یه‌كى زۆرى به‌رپرسانى سیاسى و ئیدارى و نوێنه‌رانى بیانى و سكرتێرانى هه‌ردوو ڕێكخراوى یه‌كێتى قوتابیان و یه‌كێتى لاوانى دیمو‌كراتى كوردستان، مه‌ڕاسیمێكى به‌رفراوان به‌م بۆنه‌یه‌وه به‌ڕێوه‌چوو.
له سه‌ره‌تاى ڕێوڕه‌سمه‌كه فاتیح مه‌وله‌وى زاده سكرتێرى یه‌كێتى قوتابیانى كوردستان به بۆنه‌ى شه‌سته‌مین ساڵوه‌گه‌رى دامه‌زراندنى ڕێكخراوه‌كه‌یان گووتارێكى به بۆنه‌ى 18ى شوبات ساڵڕۆژى دامه‌زراندنى یه‌كێتى قوتابیان پێشكه‌شكرد و دواتر هه‌ر به بۆنه‌ى شه‌سته‌مین ساڵوه‌گه‌رى دامه‌زراندنى یه‌كێتى لاوانى دیمو‌كراتى كوردستان ئومێد خۆشناو سكرتێرى یه‌كێتى لاوانى دیمو‌كراتى كوردستان گووتارێكى به بۆنه‌ى شه‌سته‌مین ساڵوه‌گه‌رى دامه‌زراندنى یه‌كێتى لاوانى دیمو‌كراتى كوردستان پێشكه‌شكرد.
هه‌ر له‌و ڕێوڕسمه‌دا به‌ڕێز مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان گووتارێكى به بۆنه‌ى شه‌سته‌مین ساڵوه‌گه‌رى دامه‌زراندنى هه‌ردوو ڕێكخراوى یه‌كێتى قووتابیانى كوردستان و یه‌كێتى لاوانى دیمو‌كراتى كوردستان پێشكه‌ش كرد، له‌و گووتاره‌یه‌دا سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پیرۆزبایی له قوتابیان و لاوان و ئاماده‌بووان كرد به بۆنه‌ى شه‌ست ساڵ خه‌باتى هه‌ردوو ڕێكخراوى یه‌كێتى قوتابیان و یه‌كێتى لاوان.
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به قووتابیانى ڕاگه‌یاند كه مافى خۆتانه شانازى به ڕابردووى خۆتانه‌وه بكه‌ن و چونكه به‌شى هه‌ره زۆرى سه‌ركرده‌كان له‌و سه‌نگه‌ره‌وه ده‌رچوون، هه‌ر له گوتاره‌كه‌یدا سه‌رۆك بارزانى هیواى چاكبوونه‌وه‌ى بۆ سه‌رۆك مام جه‌لال سه‌رۆك كۆمارى عێراقى فیدڕاڵ خواست و هه‌روه‌ها گووتیشى جێگه‌ى خۆیه‌تى كه یادى قوتابى و مامۆستا شه‌هید فه‌ڕه‌نسۆ حه‌ریرى بكه‌ینه‌وه و سڵاویش بۆ شه‌هیدانى قوتابیان بنێرین.
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ڕاشیگه‌یاند كه چ لاوان چ قوتابیان ڕۆڵیان كاریگه‌ره، بارزانى نه‌مر لاوانى به شوره‌ى پۆڵاین و قوتابیانى به سه‌ره‌ڕم وه‌سفكردوه و گووتیشى ئه‌ركى قوتابیان به‌ند نییه به قۆناغێكى دیارى كرا‌و، سه‌رۆك بارزانى ئه‌وه‌شى ئاشكرا كرد كه ئێستا پیلانێكى داڕێژراو هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى بیرى نه‌ته‌وه‌یى له لاى گه‌نجانى وڵات دوور خه‌نه‌وه و ئه‌مه‌ش كاره‌ساتێكى گه‌وره‌یه و نابێت دوژمن سه‌ركه‌وێ، چونكه به جۆرێ كار ده‌كه‌ن كه گه‌نجان باوه‌ڕیان به خۆیان نه‌مێنێت، چونكه ئێستا ئاسۆیه‌كى گه‌شمان بۆ دۆزى گه‌لى كورد له پێشه و دۆزى گه‌لى كورد مه‌حاڵه بۆ دواوه بگه‌ڕێته‌وه و وریایى ئێمه به‌رده‌وامه و قوتابیان چینێكى زۆر گرنگن بۆیه ده‌بێت لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان له حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێداویستیه‌كانى خوێندن دابین بكات.
له به‌شێكى دیكه‌ى گووتاره‌كه‌یدا سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ڕایگه‌یاند كه ده‌بێت ناوه‌نده‌كانى خوێندن گرنگى زۆر به فه‌رهه‌نگى لێبورده‌یى و پێكه‌وه ژیان بده‌ن ئه‌مه‌ش سه‌ره‌ڕاى جیاوازیه ئاینى و سیاسیه‌كان به‌مه‌ش كوردستان سه‌نگێكى گه‌وره‌یى بۆ دروست بووه و ئه‌مه‌ش خاڵى گرنگ ده‌بێت بۆ قوتابیان كه داكۆكى له سه‌ر بكه‌ن، هاوكات سه‌رۆك بارزانى ئاگر كه‌وتنه‌وه‌كه‌ى به‌شه ناوخۆیى فیرده‌وسى شارى سلێمانى به كاره‌ساتێكى ناخۆش وه‌سفكرد.
سه‌رۆك گووتیشى بزوتنه‌وه‌ى ڕزگاریخوازى گه‌لى كوردستان له قۆناغێكى هه‌ستیار و پێشكه‌وتوو دایه و دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه كه مه‌حاڵه ئێمه پاشه‌كشه بكه‌ین و عێراقى ئه‌مڕۆ عێراقێكى تازه‌یه له ئیتیحادى ئیختیارى و له هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌ى كورد و عه‌ره‌ب دروست بووه، سه‌ره‌ڕاى ڕێزمان بۆ چین و پێكهاته‌كانى تر‌ى وه‌ك توركمان و كلدان و ئاشوورى.
هه‌ر له‌و ڕێوڕه‌سمه و له میانى گووتاره‌كه‌یدا، سه‌رۆك بارزانى تیشكى خسته سه‌ر ڕه‌وشى عێراق و ڕایگه‌یاند ده‌ستوور، به‌شه هه‌ره زۆرى خه‌ڵك ده‌نگیان بۆ داوه و ڕ‌ازى نابین له ده‌ره‌وه‌ى ئه‌م ده‌ستووره ڕه‌فتار له‌گه‌ڵ هه‌رێم دا بكرێت و ڕاشیگه‌یاند كه عێراق به قه‌یران تێپه‌ڕده‌بێت و گووتیشى ئێستا له‌گه‌ڵ هێزه كوردستانیه‌كان خه‌ریكى ڕاوێژین بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، سه‌رۆك ڕاشیگه‌یاند كه كورد به‌شێك نه‌بووه له گرفت به‌ڵكو گرفتى به سه‌ر فه‌رز كراوه و بۆیه‌ش پابه‌ندى له سه‌ر ده‌ستوور ده‌كه‌ینه‌وه.
سه‌باره‌ت به كوردانى باكور سه‌رۆك ڕایگه‌یاند كه ئێمه به هه‌موو توانایه‌ك پشتگیرى و پشتیوانى له چاره‌سه‌رى دۆزى كورد ده‌كه‌ین و ئاماده‌شین بۆ هه‌ر ئه‌ركێك و چاره‌سه‌ركردنى دۆزى كوردیش سه‌ركه‌وتنێكى گه‌وره‌یه، سه‌باره‌ت به سووریاش سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ڕاگه‌یاند كه له پێناو ئاینده‌یه‌كى گه‌ش ده‌بێت گه‌لى سووریا خۆیان بڕیار له چاره‌نووسى خۆیان بده‌ن.




