10گیراوی دیكەی دۆزی كەجەكە ئازاد كران

دیاربەكر – KDP.info/ رۆژی دووشەممە دادگای باڵای كۆماری لە شاری دیاربەكر دانیشتنێكی خۆی سەبارەت بە دۆزی كەجەكە ساز كرد و لەم دانیشتنەدا دادوەر دوابەدوای وەرگرتنی ئیفادەی 10 سیاسەتمەدار و چالاكڤان و سەرۆك شارەوانی كورد كە بە بیانووی ئەندام بوون لە كەجەكە و هەوڵدان بۆ دابەشكرنی توركیا دەستگیر كرابوون، كۆتایی بە دانیشتنەكە هێنا و بڕیاری خۆی سەبارەت بەم 10 كەسە دەركرد.
بە پێی بڕیاری دادگای باڵای كۆماری ژمارە شەش لە شاری دیاربەكر، هیچ بەڵگە و شاهیدحاڵێك لە ئارادا نەبوو بیسەلمێنێت كە ئەم 10 سیاسەتمەدار و چالاكڤان و سەرۆك شارەوانیانە لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی و یەكپارچەیی توركیا تاوانیان كردبێت، هەر بۆیە دادگا بڕیاری ئازادكردنی بۆ هەر 10 گیراو دەركرد.
جێگای ئاماژەپێكردنە كە هەفتەی رابردووش هەمان دادگا هەر لە دۆزی كەجەكەدا 7 رۆژنامەنووسی كوردی كە بە هەمان تاوانی دابەشكردنی توركیا و ئەندام بوون لە كەجەكە و هەوڵدان بۆ پێشێلكردنی ئاسایشی نەتەوەیی دەستگیركرا بوون بەبێ تاوان زانی و ئازادی كردن.




