ده‌قى وتارى سه‌رۆك وه‌زیران نێچیرڤان بارزانی لە مەڕاسیمی دانانی بەردی بناغەی دوو نەخۆشخانەى گه‌وره

به ناوی خوا،
ئاماده‌بووانی به‌ڕێز، هه‌موو لایه‌كتان به خێر بێن به سه‌ر چاو.
ئه‌مڕۆ پێكه‌وه به‌شدار ده‌بین له سێ هه‌نگاوی گرنگ له وڵاته‌كه‌مان بۆ پێشخستنی بواری ته‌ندروستی له ڕووی ئیداری و خزمه‌تگوزارییه‌وه، كه ئه‌وانیش بریتین له دانانی به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌ی دروستكردنی بینایه‌ی تازه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بۆ كۆمپانیاى سیلیناى ڕۆمانى كه به ماوه‌ى 750 ڕۆژ دروستى ده‌كات و ئه‌ندازیارانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیش سه‌رپه‌رشتى ده‌كه‌ن.
پڕۆژه‌ی دووه‌م دروستكردنی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی 330 قه‌ره‌وێڵه‌ییه به بڕی 63 ملیار و 291 ملیۆن دینار، كه له لایه‌ن كۆمپانیای دارین و گرووپی ئارامه‌وه له توركیا دروست ده‌كرێت.
پڕۆژه‌ی سێیه‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌كی 100 قه‌ره‌وێڵه‌ییه له قه‌زای خه‌بات، له لایه‌ن گرووپى (ئهلمهرههش) ی عێراقییه‌وه دروست ده‌كرێت.
ئێمه له سه‌ره‌تای دروستبوونى كابینه‌ی حه‌وته‌م به‌ڵینمان دا كه بایه‌خێكی زۆر به پێشخستنی كه‌رتی ته‌ندروستی ده‌ده‌ین. له یه‌كه‌م ڕۆژی ئه‌م كابینهیهشهوه به كرده‌وه ده‌ستمان كردووه به جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره.
له ڕووی گۆڕانكارییه‌وه، هه‌روه‌ها له ڕووی كۆنترۆڵكردنی هاتنی ده‌رمانه‌وه، سیستمێكی تۆكمه‌ی كۆنترۆڵمان داناوه، له ڕێگه‌ی كۆمپانیایه‌كی به‌ریتانییه‌وه كه ئێستا كارمه‌ندانی خۆشمان له‌و كۆمپانیایه فێر ده‌بن، بۆ ئه‌وه‌ی له داهاتوویه‌كی نزیكدا ئه‌وان كاره‌كه بگرنه ئه‌ستۆی خۆیان.
خه‌ڵكی كوردستان شاهیده كه له ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوودا سه‌دان ته‌ن له ده‌رمانی خراپ له ناو بران و ڕێگه نه‌دراوه ده‌رمانى خراپ بێته ناو هه‌رێمی كوردستان، هه‌ر چه‌نده له‌م بوارانه‌دا كارى زۆرترمان ماوه كه ده‌بێ ئه‌نجامى بده‌ین، به‌ڵام وه‌كوو سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێم ده‌ستخۆشى له جه‌نابى وه‌زیر د. ڕێكه‌وت و هه‌ڤاڵانى له وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ده‌كه‌م كه شه‌و و ڕۆژ خه‌ریكن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م كاره به ڕێكوپێكى ئه‌نجام بدرێت. له‌وه تێ ده‌گه‌ین كه ئه‌مه كارێكى ئاسان نیه، كارێكى سه‌خته، به شه‌و و ڕۆژێك به ئه‌نجام ناگات، به‌ڵام خه‌مخۆریى جه‌نابى وه‌زیر و هه‌ڤاڵان و كارمه‌ندانى له وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ئه‌و هێزه‌مان پێ ده‌دات كه بڵێین له‌سه‌ر ڕێچكهیهكى ڕاست به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌ڕۆین و خوا یار بێت له ئاینده‌یه‌كى نزیكدا ده‌توانین هه‌واڵى ئه‌وه بده‌ین كه به شێوه‌یه‌كى ته‌واو ئه‌و بابه‌ته له هه‌رێمى كوردستان كۆنترۆل كراوه.
لێره ده‌مه‌وێ جه‌خت له‌سه‌ر چوار خاڵی گرنگ بكه‌م:
یه‌كه‌م: ده‌بێ ویژدانی هیچ خاوه‌ن كۆمپانیایه‌ك ڕێگه‌ی پێنه‌دات ده‌رمانی خراپ بداته خه‌ڵكی كوردستان و مرۆڤ به شێوه‌یه‌كى گشتی.
دووه‌م: ده‌بێ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و كۆمپانیای تایبه‌تمه‌ند توندتر بێ له‌سه‌ر ڕێگه‌نه‌دان به هیچ كۆمپانیایه‌ك بۆ ده‌ربازكردنی ده‌رمانی خراپ بۆ هه‌رێمی كوردستان، ئینجا كۆمپانیاكه هه‌ر كه‌سێكی له پشت بێت و هى هه‌ر كه‌سێك بێت. پێویسته له مه‌دا وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و ده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كانى هه‌رێمى كوردستان، زۆر به جددى هه‌وڵى ئه‌وه بده‌ن، ئێمه به ئه‌ركى خۆمانى ده‌زانین و ئه‌و ئه‌ركه‌ى كه له‌سه‌ر شانمانه وه‌كوو ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران زۆر به هێز پشتگیرى له‌و هه‌نگاوانه ده‌كه‌ین.
سێیه‌م: نابێ به هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌رمی بنوێنرێت له‌سه‌ر ڕێنماییه‌كانی مۆڵه‌تدان به كۆمپانیاكانی ده‌رمان و دانانی كۆگاكانی هه‌ڵگرتنی ده‌رمان و شێوازی هه‌ڵگرتنیان له ده‌رمانخانه‌كان.
چواره‌م: داوا له حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌ین ئه‌ویش له لای خۆیه‌وه ڕێوشوێنی توند بگرێته به‌ر بۆ ڕێگه‌گرتن له هاتنی ده‌رمانی خراپ بۆ عێراق، له به‌ر ته‌ندروستیی خه‌ڵكی عێراق به شێوه‌یه‌كى گشتى. هیوادارم هه‌ماهه‌نگى و هاوكاریى زیاتر له نێوان وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى له به‌غدا هه‌بێت بۆ ڕێگه‌گرتن له هێنانى ده‌رمانى خراپ بۆ هه‌موو عیراق.
ئاماده‌بووانی به‌ڕێز ..
سیستمی ته‌ندروستی له عێراق و له هه‌رێمی كوردستان به گوێره‌ی خواستی سه‌رده‌میانه‌ی مرۆڤ نییه. ئێمه له هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌ڕای كاركردنی به‌رده‌وام له‌سه‌ر پێشخستنی خزمه‌تگوزارییه ته‌ندروستییه‌كان و فراوانكردنیان، له هه‌مان كاتدا ئێستا به ڕاوێژ له‌گه‌ڵ شاره‌زایانی جیهانی، كار له‌سه‌ر دانانی پلانێكی ستراتیژی ده‌كه‌ین بۆ بواری ته‌ندروستی، بۆ ئه‌وه‌ی سیستمه‌كه له ئاستێك بێت بتوانێ چاره‌سه‌رێكی جێگه‌ی ڕه‌زامه‌ندیی هه‌موو لایه‌ك بۆ خه‌ڵكی كوردستان دابین بكات. وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیى هه‌رێمى كوردستان و جه‌نابى وه‌زیر بایه‌خێكى ته‌واو به‌و بواره ده‌ده‌ن و هه‌وڵى جددیان به‌رده‌وامه بۆ دروستكردنى ئه‌و سیسته‌مه.
ئێمه كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ین كه بۆ چاره‌سه‌ره سه‌ره‌تاییه‌كان و چاره‌سه‌ره گه‌وره‌كانیش، منداڵی من و منداڵی سه‌رمایه‌دارێك و منداڵی خێزانێكی هه‌ژار بتوانن له نه‌خۆشخانه و كلینیكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر بكرێن و بڕوا و متمانه‌ی ته‌واومان به كه‌رتى ته‌ندروستیى خۆمان هه‌بێت و بیر له‌وه نه‌كه‌ینه‌وه بۆ هه‌ر شتێكى بچووك ڕوو له ده‌ره‌وه بكه‌ین.
پاراستنی ته‌ندروستی و ڕێگه‌گرتن له نه‌خۆشی و ڕێگرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای جۆراوجۆر، كار و ئه‌ركێكه ته‌نیا به وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌ت به شێوه‌یه‌كى گشتى ناكرێت، به‌ڵكوو خه‌ڵك به گشتی و پیشه‌وه‌ران و كۆمپانیاكانی كه‌رتی تایبه‌تیش ئه‌ركێكی زۆریان ده‌كه‌وێته سه‌ر شان.
ئێمه هه‌موومان به پێی ڕێنماییه ته‌ندروستییه‌كان و ئایینییه‌كان ئه‌ركه له سه‌رمان پاكوخاوێنی بپارێزین، خاوێنیش بنچینه‌یه‌كی سه‌ره‌كیی ته‌ندروستییه، بۆیه داوا له هه‌موو ماڵێك و تاكێك ده‌كه‌م هه‌ر یه‌كێكیان له ئاست خۆیانه‌وه خاوێنیی به‌رده‌رگای ماڵه‌كه‌یان و شار و گونده‌كانیان به شێوه‌یه‌كى ڕێك‌وپێك بپارێزن، هه‌روه‌ها داوا له هه‌موو خاوه‌ن ڕێستۆرانت و هوتێله‌كان و كارگه‌كان ده‌كه‌ین، ته‌ندروستیی خه‌ڵك بپارێزن، ئه‌ویش به پاكی به‌ڕێوه‌بردنی كاره‌كانیانه.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ده‌مه‌وێ زۆر سوپاسی ئه‌و لیژنانه‌ی پشكنین بكه‌م كه به‌سه‌ر ئه‌و شوێنانه‌دا ده‌گه‌ڕێن، له‌پێناو پاراستنی ته‌ندروستیی خه‌ڵكی كوردستان. دا‌واشیان لێ ده‌كه‌م به گه‌رموگوڕیى زیاتره‌وه به‌رده‌وام بن له چاودێریكردن و به‌دواداچوونیان.
هه‌روه‌ها هه‌ر لێره‌دا داوا له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌كه‌م، كه نه‌ك ته‌نیا هه‌وڵی چاره‌سه‌ری نه‌خۆش بدات، به‌ڵكو به‌شێكی كاری گرنگی خۆی له بیر نه‌كات، كه ئه‌ویش ڕێگرتنه له نه‌خۆشی و نه‌خۆشكه‌وتنی خه‌ڵك . ته‌ندروستیی باش، سه‌رمایه‌یه‌كی گه‌وره‌یه بۆ هه‌ر كۆمه‌ڵگه و وڵاتێك و ده‌بێ هیچ لایه‌كمان ئه‌وه له بیر نه‌كه‌ین.
كاری وه‌زاره‌ت و ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن، وشیاریی ته‌ندروستیی خه‌ڵكه، پێویسته وشیاریى ته‌ندروستیى خه‌ڵك به‌رز بكه‌نه‌وه، خه‌ڵك هان بده‌ن بۆ وه‌رزشكردن و خۆپاراستن له قه‌ڵه‌وی. ده‌بێ خه‌ڵك هان بده‌ن بۆ خواردنی خۆراكه سروشتییه‌كان و ناوخۆییه‌كان له جیاتی خۆراكه قوتووبه‌ندكراو و چه‌وره‌كان.
ئێستا به خۆشحاڵییه‌وه كارگه‌ی ده‌رمان دروستكردن له هه‌ولێر و سلێمانی هه‌یه و زۆر گرنگه ڕێنماییه‌كانی به‌كارهێنانی ده‌رمانه‌كه له لایه‌ن ئه‌و كارگانه‌وه به كوردی له‌سه‌ر هه‌موو ده‌رمانه‌كانیان بنووسرێت، بۆ ئه‌وه‌ی هۆشیاریی هاووڵاتیان به‌رز ببێته‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌م كارگانه پێویسته گرنگییه‌كى یه‌كجار زۆر به كوالیتى بده‌ن.
پزیشك و كارمه‌ندانی به‌ڕێزی بواری ته‌ندروستی،
ده‌مه‌وێ ڕووى قسه‌م له ئێوه بێت، ئێوه كار و ئه‌ركێكی پیرۆزی مرۆییتان له‌سه‌ر شانه. ئێمه له كاتێكدا ڕێز له‌و ئه‌رك و ماندووبوونه پیرۆزه‌تان ده‌گرین، له هه‌مان كاتدا داواتان لێ ده‌كه‌م پابه‌ند بن به سوێنده‌ى كه خوارووتانه له ڕووی خزمه‌تكردن به هاووڵاتیان.
هه‌ندێ دیارده له لای هه‌ندێ پزیشك په‌یدا بووه، كه به ڕاستی له‌گه‌ڵ كار و سوێندی پیشه‌یی پزیشكه‌كان ناگونجێت. بۆ نموونه بینینی دوو - سێ نه‌خۆش پێكه‌وه له یه‌ك ژووری كلینیكدا له لایه‌ن پزیشكه‌وه، كه به‌و شێوه‌یه هیچ پرایڤسی و تایبه‌تمه‌ندیی نه‌خۆش ناهێڵێت، كه ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی بنه‌ماكانی كاری پزیشكی و پێچه‌وانه‌ى ئه‌و بنه‌مایه و ئه‌و سوێنده‌یه كه خۆتان خواردووتانه. ئه‌مه نموونه‌یه‌كى بچووكه، لێره‌وه ده‌ست پێ ده‌كات هه‌تا نموونه‌ى گه‌وره‌تر. هیوادارم ویژدانى خۆتان سه‌رپشك بكه‌ن هه‌م بۆ كارى پزیشكیتان، هه‌م بۆ ویژدانتان به‌رامبه‌ر به میلله‌ت و به ئایین.
زۆر جار له هه‌ندێ شوێن مامه‌ڵه‌یه‌كی ڕه‌ق له لایه‌ن كارمه‌ندانی ته‌ندروستییه‌وه له‌گه‌ڵ نه‌خۆشدا ده‌كرێت، ئه‌وه كارێكى زۆر خراپه و كارى ده‌روونى ده‌كاته سه‌ر نه‌خۆش. هیوادارم هه‌تا بۆتان بكرێت، ڕووخۆش بن و ڕووگه‌ش بن له‌گه‌ل ئه‌و خه‌ڵكه‌ى كه ڕووتان تێ ده‌كات. هیوادارم زیاتر بایه‌خ بدرێت به چاره‌سه‌ركردنى نه‌خۆشه‌كان، زۆر جار ده‌بینین پزیشك ده‌رمانى یه‌كجار زۆر ده‌نووسێت، هیوادارم له هه‌رێمى كوردستان ئامێرى پێشكه‌وتوو دابین بكرێت بۆ دهستیشانكردنى نه‌خۆشى، پێم وایه كارى گه‌وره له پیشه‌ى پزیشكیدا پێش ئه‌وه‌ى ده‌رمانى بۆ بنوورسێت، ده‌ستنیشانكردنى نه‌خۆشییه. پێویسته وه‌زاره‌ت به شیوه‌یه‌كى جددى له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه بوه‌ستێت.
بڕیاری ئێمه ئه‌وه‌یه بایه‌خێكی زۆر به چاككردن و پێشخستنی كه‌رتی ته‌ندروستیی وڵاته‌كه‌مان بده‌ین، ئێستاش زۆر به جددی كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، به‌ڵام شانبه‌شانی ئه‌وه كه‌رتی تایبه‌تیش كه داینه‌مۆى سه‌ره‌كیى هه‌ر وڵاتێكه ده‌توانێت ڕۆڵێكى باش ببینێت بۆ پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزاریى ته‌ندروستى و سه‌رده‌میانه له هه‌رێمى كوردستان. ئێمه له حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، زۆر به بایه‌خه‌وه سه‌یرى ڕۆڵى كه‌رتى تایبه‌ت له هه‌موو بواره‌كاندا ده‌كه‌ین، به تایبه‌تیش داوایان لێ ده‌كه‌م، له بابه‌تى خزمه‌تگوزاریى ته‌ندروستیدا، ڕۆڵى خۆیان زۆر زۆر به جددیتر له‌وه‌ى كه ئستا هه‌یانه ببینن، چونكه بێگومان هیچ حكوومه‌تێك به بێ پاڵپشتى و به بێ پشتگیریى كه‌رتى تایبه‌ت ناتوانێت له كاره‌كانى به‌رده‌وام بێت.
له كۆتاییدا به هیواى ژیانێكى ته‌ندروست بۆ هه‌موو گه‌لى كوردستان، هیوادارم دوور بن له هه‌موو نه‌خۆشیه‌ك، دیسانه‌وه ده‌مه‌وێ ده‌ستخۆشى له وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى، له جه‌نابى وه‌زیر و هه‌ڤاڵانى بكه‌م، بێ ئه‌وه‌ى ناویان بێنم، باسى ئه‌وانه ده‌كه‌م كه یارمه‌تیى ئه‌و ده‌ده‌ن، بۆ ئه‌و هه‌موو هه‌نگاوانه‌ى كه له سه‌ره‌تاى كابینه‌ى حه‌وته‌مه‌وه ناویانه، بۆ پێشخستنى ئه‌م بواره. هیواى سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم، هیوادارم به‌رده‌وام بن به شێوه‌یه‌كى جددى بۆ به‌جێگه‌یاندنى ئه‌و ئه‌ركه‌ى كه له‌سه‌ر شانى هه‌موومانه. هه‌موو لایه‌كتان دیسان به خێر بێن به‌سه‌ر چاو، به هیواى ئه‌وه‌ى بتوانین پرۆژه‌ى زیاتر و خزمه‌تگوزاریى زیاتر پێشكه‌ش به هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ین، كه به دڵنیاییه‌وه شایسته‌ى هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌ك و هه‌موو خزمه‌تێكن. هه‌ر شاد و سه‌ركه‌وتوو بن و به خێر بێن به‌سه‌ر چاو. زۆر سوپاس.




