هێشتا مەترسی بڵاوبونەوەی ئەنفلەوەنزای بەراز لەهەرێمی كوردستان ماوە

هەولێر- تایبەت بە KDP.info / هەرچەندە لە ئەمساڵدا لە هەرێمی كوردستان تەنها لە پارێزگای سلێمانی تووشبوون بە ئەنفلەوەنزای بەراز تۆماركراوەو تا ئاستێك رێگەگیراوە لە بڵاوبوونەوەو تەشەنەكردنی ڤایرۆسەكە بۆ ناوچەكانی تری هەرێمی كوردستان، بەڵام وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رەتیدەكاتەوە كە مەترسیەكانی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە بەكۆتا هاتبێت و دەڵێت هێشتا مەترسی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە لەهەرێمی كوردستان دەكرێت.
د.خاڵس قادر وتەبێژی فەرمی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تایبەت بۆkdp.infoگوتی: لەماوەی چەند مانگی رابردوودا دوای ئەوەی چەندین حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی H1N1ناسراو بە ئەنفلەوەنزای بەراز لە چەند پارێزگایەكی عێراق تۆماركرا و ڤایرۆسەكە گواسترایەوە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام تەنها پارێزگای سلێمانی گرتەوەو تاوەكو ئێستا 20 حاڵەت تۆماركراوە و سەرجەمیان تەندروستیان باشە، بەڵام بەهەوڵی لایەنە پەیوەندیدارەكان توانرا بەر لە بڵاوبوونەوەو تەشەنەكردنی ئەو نەخۆشییە بۆ پارێزگاو ناوچەكانی تری هەرێمی كوردستان بگیرێت.
ناوبراو گوتیشی: ماوەیەكە هیچ حاڵەتێكی نوێ لە پارێزگای سلێمانی تۆمارنەكراوە جگە لەو 20 حاڵەتەو بەهیچ شێوەیەك لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك حاڵەتی تووشبوون بەو ڤایرۆسە لە ئەمساڵدا تۆمارنەكراوە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە هیچ مەترسییەكی ئەو ڤایرۆسە لەهەرێمی كوردستان و ناوچەكە نەمابێت و ئەو دەنگۆیانە دوورن لەڕاستی بەڵكو تاوەكو ئێستا وەزارەتی تەندروستی بەردەوامە لە كاركردن بۆ رێگەگرتن لە تۆماركردنی حاڵەتی نوێ و تەشەنەكردنی ئەو ڤایرۆسەو تاوەكو ئێستاش مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە ماوەو بەتەواوەتی نەڕەویوەتەوە.
بڕوا بەرزنجی




