ئارام ئه‌حمه‌د: پرسی به‌نێونه‌ته‌وه‌یی ناساندنی جینۆسایدی كورد هه‌نگاوی باش چۆته پێشه‌وه

هه‌ولێر – KDP.info/ بڕیاره رۆژی 28/2/2013، په‌رله‌مانی به‌ریتانیا دانیشتنێكی تایبه‌ت بۆ باسكردنی پرسی به‌نێونه‌ته‌وه‌یی ناساندنی جینۆسایدی كورد رێكبخات، وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانیش رایگه‌یاند: ئه‌و پرسه‌مان له‌گه‌ڵ هۆڵه‌نداش باسكردووه‌و له‌گه‌ڵ به‌لجیكاو ئیتاڵیا‌و وڵاتانی دیكه‌شدا گفتوگۆمان له‌سه‌ركردووه.
ئارام ئه‌حمه‌د وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان رایگه‌یاند : دانیشتنه‌كه‌ی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا له‌لایه‌ن گروپێكی په‌رله‌مانییه‌وه رێكخراوه كه ماوه‌یه‌كه له‌په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته كارده‌كه‌ن بۆ پشتیوانیكردن له‌و پرسه‌و په‌یوه‌ندییه‌كی باشیشیان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌ت له‌به‌ریتانیا هه‌یه، وتیشی: ئه‌م هه‌نگاوه به‌رهه‌می هه‌وڵ و تێكۆشانی چه‌ندین ساڵی رابردووی هه‌موولایه‌كه‌و پرسی به‌نێونه‌ته‌وه‌یی ناساندنی جینۆسایدی كورد هه‌نگاوی باش چۆته پێشه‌وه‌و به‌تایبه‌تیش له‌ساڵی رابردووه‌وه چۆته چواره‌چێوه‌یه‌كی ره‌سمی تره‌وه، ئه‌و هه‌نگاوه له‌په‌رله‌مانی به‌ریتانیا پێشكه‌وتنێكی زۆر باشه‌و هیوادارین ئه‌نجامی دانیشتنه‌كه‌ش ببێته بڕیارێكی باش،
وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان وتیشی: پرسی به‌نێونه‌ته‌وه‌یی ناساندنی جینۆسایدی كوردمان له‌گه‌ڵ هۆڵه‌نداشدا باسكردووه، هه‌روه‌ها كاركردن هه‌یه له‌شوێنه‌كانی دیكه‌ی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا، له‌به‌لجیكاو ئیتالیا‌و له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه‌ش گفتوگۆمان كردووه، ئه‌مساڵیش كه‌یادی 25 ساڵه‌ی ئه‌و كاره‌ساتانه‌یه هه‌وڵده‌ده‌ین یاده‌كان ره‌نگدانه‌وه‌یه‌ی باشیان هه‌بێت له‌هاندانی زیاتری وڵاتان بۆ پرسی به‌نێونه‌ته‌وه‌یی ناساندنی جینۆسایدی كورد




