٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. دیندار زێباری: ژمارەی پەنابەرانی سوریا لەهەرێمی كوردستان گەیشتە 83.958پەنابەر

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر- KDP.info/ د. دیندار زێباری یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە ڕایگەیاند: ئێستا تێكڕای ژمارەی پەنابەران لە عیراق گەیشتۆتە 83.958پەنابەر وە لەكۆی ئەو ژمارەیە 74.994پەنابەر لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن. دواتر ئاماژەی دا بەوەی كە پەنابەران دابەشبوون بەسەر هەرسێ شارەكانی هەرێمی كوردستان بەڕێژەی جیاواز، شاری هەولێر 15.989پەنابەر، شاری سلێمانی 4.311پەنابەر وە شاری دهۆكیش كە زۆرترین ژمارەی پەنابەرانی لێیە ڕێژەكەی دەگاتە 54.694پەنابەر، بەشی زۆری پەنابەرانی ئەو شارە لە كەمپی دومیز نیشتەجێن كە ژمارەیان دەگاتە 30.000پەنابەر.

لەلایەكی دیكەوە باسی لەهاتنی پەنابەران كرد لەسوریاوە بۆناو خاكی عێراق لەهەرسێ خاڵە سنووریەكانی (ئەلقەییم، ئەلرەبیعە، ئەلوەلید)، دێنە ناو هەرێمی كوردستان كە لەماوەی دووهەفتەی ڕابردوو 7.319 پەنابەر هاتوونەتە ناو هەرێمی كوردستان. بەشێكی زۆر ئەو پەنابەرانەش خەڵكی شارەكانی قامیشلو و دیمەشق و حەلەبن. پاشان تیشكی خستە سەر پێداویستییە خزمەتگوزارییەكانی ناو كەمپەكە لەڕووی ناخۆشی ڕێگاوبان و گەیاندنی تۆڕی ئاو، جێگەی حەوانەوە و چۆنیەتی پێشوازی كردن لەپەنابەران بۆ ناو كەمپەكە كە بوونەتە گرفتی سەرەكی. دواتر باسی لە و هەڵمەتەی كەناڵی كوردسات كرد بۆ كۆكردنەوەی كۆمەكی بۆ پەنابەرانی سوریا هەروەها كردنەوەی بانكی حساب لەلایەن ئاژانسی UNHCRلەگەڵ بانكی بازرگانی عیراقی بۆ كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاری بۆ پەنابەران. هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا ستایشی ڕۆلی ئاژانسی WFPی كرد بۆ دانانی سیستەمی دابەشكردنی خۆراك لەڕێگەی كارت كە بۆ هەر پەنابەرێك مانگانە بڕی 30 دۆلار دانراوە و بەهۆیەوە پەنابەران ئەتوانن خواردەمەنی بكڕن.

جێگای باسە لەسەرەتای ساڵی 2012 بەهۆی نالەباری و تێكچوونی باری ئەمنی لەسوریا ژمارەیەكی زۆری پەنابەران ڕوویان لە وڵاتەكانی توركیا و ئەردەن و لوبنان و عێراق كردووە بەمەش لەهەرێمی كوردستان، ڕێكخراوی كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران بەهاوكاری دەزگا حكوومییە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم و ئاژانسەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان لەهەوڵی بەردەوام دان بۆ پێشكەش كردنی خزمەتگوزارییەكان بە پەنابەران.

هەواڵی پەیوەندیدار