سەرۆكی پەرلەمانی یەكیەتیی ئەورووپا: دهبێت ههرێمێكی ئۆتۆنۆمی بۆ كورد دروست بكرێت

یەكیەتیی ئەورووپا پرسی بەئەندامبوونی توركیا لە ڕێكخراوەكەیدا بە دابینكردنی مافی كوردەوە دەبەستێتەوە. سەرۆكی پەرلەمانی یەكیەتیی ئەورووپا مارتین شوڵز ڕوونی كردەوە: پێویستە بەرپرسانی توركیا پێش ئەوەی داوای بەئەندامبوونی وڵاتەكەیان لە ناو ڕێكخراوی یەكیەتیی ئەورووپادا بكەن، چەند هەنگاوێكی گرنگ هەڵگرن، كە هەنگاوی هەرە دیار و كاریگەریان ڕێگادانە بە دامەزراندنی هەرێمێك بۆ كوردەكان لەو وڵاتەدا، كە توانای بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی خەڵكی ناوچەكەی هەبێت، بەڵام پێویستە لە هەمان كاتیشدا یەكپارچەیی توركیا بپارێزرێت.
مارتین شوڵز لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا، كە لە زانكۆی “بیلگی” ئەستەنبوڵ پێشكەشی كردن، ڕوونی كردەوە پرسی كورد لە توركیادا كێشەیەكی ناوخۆیی ئەم وڵاتەیە، بەڵام داننان و دابینكردنی مافی كەمە نەتەوایەتییەكان هەمیشە ستراتیژیەتێكی گەورەی یەكیەتیی ئەورووپا بووە.
سەرۆكی یەكیەتیی ئەورووپا تیشكی خستە سەر سەركەوتوویی ئەزموونی هەرێمی كوردستانیش لە بوارە جیاوازەكانەوە و ڕایگەیاند: “هەمووتان دەزانن حكوومەتێكی كوردیی ئۆتۆنۆمی لە باكووری عێراقدا هەیە. بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆكی ئەو هەرێمەیە. ئەو كەسێكی كوردە و خۆیشی بە سەركردەیەكی كوردی دادەنێت، بەڵام ئەمە نە بۆ توركیا كێشەیە و نە بۆ ئێمە كێشەیە و نە بۆ عێراقیش”.




