یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لەگەڵ بەرپرسی نوێی ئاژانسی UNESCOلەعێراق كۆبووەوە
ههولێر- KDP.info/ خڕۆژی چوارشەممە 17 شوباتی 2013 د. دیندار زێباری یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە پێشوازی كرد لە خاتوو لویس هاخساوسین بەرپرسی تازەی ئاژانسی یونیسكۆ لەعێراق و سامی خۆجە بەرپرسی ئۆفیسی ئاژانسەكە لەهەولێر. لەدیدارێكی نێوانیان یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە پیرۆزبایی لەخاتوو لویس هاخساوسین كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەركە نوێیەكەیدا، هەروەها ئامادەی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی دەربڕی بۆ پێشكەش كردنی هەموو هاوكاری و پشتگیریەك.
یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە ڕایگەیاند، لەئێستادا هەرێمی كوردستان لەقۆناغێكی جیاوازدایە بەبەراوورد لەگەڵ ساڵانی نەوەدەكان كە خەڵكی هەرێمی كوردستان خۆی پەنابەر بوو بەڵام لەئێستادا بۆتە مۆڵگەیەكی ئارام بۆ پەنابەران، ئەمە جگە لە پێشكەوتنی باری ئابووری و سیاسی و ئەمنی هەروەها بوونی كەشێكی لەبار بۆ پێكەوە ژیانی نەتەوە جیاوازەكان.لەلایەكی دیكەوە، بەپێویستی زانی ئاژانسی یونیسكۆ ئامادەیی زیاتری هەبێت بەتایبەتی لە ناوچە جێناكۆكەكان بە پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری لەڕێگەی كردنەوەی خوولی ڕاهێنان و بواری پەروەدەیی. لەلایەن خۆشیەوە، خاتوو لویس باسی لە پرۆژەی نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێر كرد كە ئاژانسەكە هەستاوە بە كردنەوەی خوولی ڕاهێنان لەبورای كارگێڕی و شارەزایی لەچۆنیەتی هەڵكەندن و پاراستنی ئاسەوارەكان بۆ ستافی ناو قەڵا.
دواتر ئاماژەی دا بەوەی كە پرۆفایلی كاندیدكردنی قەڵای هەولێر وەك شوێنەواری جیهانی و ناساندنی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێشكەش بە بارەگای سەرەكی یونیسكۆ كراوە لە ووڵاتی فەرەنسا، ساڵی داهاتوو تاوتوێی ئەو باسە دەكرێت لەكۆبوونەوەی ساڵانەی پاڵێوراوی سامانی جیهانی كە 21 ووڵات ئەندامە تێیدا و لەناویان ووڵاتی عێراق بۆ ئەو مەبەستەش هەول دەدریت بانگهێشتی هەرێمی كوردستان دەكرێت بۆ بەشداریكردن لەوكۆبوونەوەیە.
پاشان یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە هیوای خواست كە پەلە لە جێبەجێكردنی قۆناغەكانی نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێر بكرێت، لەبەرامبەردا بەرپرسی یونیسكۆ لەعێراق گووتی، كاری ئاژانسی یونیسكۆ كردنەوەی خوول و پێگەیاندنی توانای ئەو ستافانەیە كە لەقەڵاكە كاردەكەن. سەبارەت بە پەنابەرانی سوریا لەكەمپی دومیز، یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە پێشنیاری كرد كە ئاژانسی یونیسكۆ ڕۆڵ ببینێت بۆ هاوكاریكردنی پەنابەران بەتایبەتی توێژی گەنجان كە لەبارودخێكی سەخت دان و ئەكرێت لەڕێگەی كردنەوەی خوولی ڕاهێنان لەبواری جیاواز بەتایبەتی لە بواری گەشتوگوزاری و دۆزینەوەی هەلی كار بۆیان لە هۆتێل و میوانخانەكان لەهەرێمی كوردستان، لەكۆتاییدا لایەنی میوان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بۆ پێشنیارەكانی هیوایان خواست بتوانن بەبەاشترین شێوە هاوكار بن.




