٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

پەرلەمانتارێکی کورد: تەنیا کورد دەتوانێت لایەنەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆبکاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر – تایبه ت به  KDP.info/ بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە کۆبونەوەیەک لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق لە شاری ھەولێر بەرێوە بچێت، پەرلەمانتارێکی کوردیش دەڵێت، ھەمیشە رۆلی کورد گرنگ بووە لە بوونیاتنانی عێراقی نوێ و ماوەیەکی زۆر ھەوڵدرا رۆلی کورد کەمبکەنەوە، بەڵام نەیانتوانی ناچاربوون دووبارە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پەنا بۆ کورد بێنن.

بورھان مەحمەد فەرەج ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆkdp.info رایگەیاند، تەنیا کورد لە عێراق دەتوانێت لایەنەکان کۆبکاتەوە لە سەرمێزی گفتوگۆ وخۆی بگونجێنێت لە گەڵ ھەموو لایەنەکان و کێشەکان چارەسەربکات، بۆیە ئەمە زۆر گرنگە بۆ کورد سودی لێوەرگرین و بتوانین بەم رێگایە کێشەکانی خۆشمانی پێ چارەسەر بکەین و ئەو مافانە بەدەستمان نەھێناوە بەدەستی بێنین.

بورھان مەحمەد فەرج گوتیشی: بەبێ کورد ھیچ کێشەیەک چارەسەر ناکرێت و کێشەی نێوان سونە و شیعە زۆر قوڵە، بەڵام ئێمە بە حوکمی ئەوەی پەیوەندییەکی مێژوویمان لە گەڵ شیعەکان ھەیە و لە گەڵ سونەکانیش ئێمە یەک مەزھەبین دەتوانین رۆلی خۆمان ببینین لە چارەسەرکردنی کێشەکان.

دوێنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە میانەی کۆبوونەوەی لە گەڵ بالیۆز و نوێنەرانی دەوڵەتەكانی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق رایگەیاند: بڕیار وایە لە سەر داوای لایەنە سیاسییەکانی عێراق، کۆتایی ئەم مانگە کۆبوونەوەیەکی فراوان لە ھەولێر بەرێوەبچێت .

هەواڵی پەیوەندیدار