ئاژانسى بەرنامەى خۆراکى جیهانى: هەرێمى کوردستان بۆتە پەناگەى ئارام بۆ پەنابەرانی کوردى سوریا

د.دیندار زێبارى یاریدەدەرى بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە بۆ کاروباری رێکخراوەکانی نێودەڵەتی، پێشوازى لە شاندێکى ئاژانسى بەرنامەى خۆراکى جیهانى سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان لەهەولێر کرد کە پێکهاتبوون لە بەڕێز فیلیپ وارد ڕێکخەرى ئەقلیمى ئاژانسەکە بۆ بارودۆخى لەناکاوى هەرێمایەتى و بەرپرسى پرۆژەى پشتیوانى لەپەنابەران لە عیراق و ئەردەن و لوبنان و و تابان لۆکۆنگا، بەرپرسى ئۆفیسى ئاژانسەکە لە لەهەرێمى کوردستان.
لەدیدارێکدا بەڕێز فیلیپ سەرسامى خۆى نیشاندا بەو پێشکەوتنەى هەرێمى کوردستان وبەتایبەت لەڕووى سەقامگیرى ئارامی یەوەو هیواى خواست ئەو بەرەو پێش چوونە بەردەوام بێت. هەروەها خۆشحاڵی خۆشی ڕایگەیاند لەهەمبەر ئەوە کە ئەمڕۆ هەرێمى کوردستان بۆتە پەناگەى ئارامى بۆ لێقەوماوانى کوردى سوریا کە بەهۆى نالەبارى رەوشی ئەو وڵاتە ڕوویان لە هەرێم کردووە. دواتر تیشکى خستە سەر هەوڵى ئاژانسى بەرنامەى خۆراکى جیهان بۆ یارمەتى دانى پەنابەران کە لەهەرێمى کوردستان نیشتەجێن ئەویش بە پێشکەش کردنى یارمەتى خۆراک بەسیستەمى کارت کە بەنیازن لەسەرەتاى مانگى ئەیلولى ئەمساڵ دەست پێبکەن وە بەهۆیەوە پەنابەران دەتوانن لەبازاڕومارکێتەکان خۆراک وەرگرن، ئەمە لەکاتێکدا پێشبینى دەکریت کە تاکۆتایى ساڵ ژمارەى پەنابەران بگاتە 10000 کەس لە هەرێمدا.
لەلایەن خۆیەوە د. دیندار ڕۆڵى ئاژانسەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان لەهەرێمى کوردستان و بەتایبەتى ئاژانسى ناوبراو لە پێشکەش کردنى خزمەتگوزارى مرۆڤایەتى بەرز نرخاند، وتی: حکومەتى هەرێمى کوردستان بەهاوکارى ئاژانسەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە بەهاناوەچوونى پەنابەران وباشترکردنی رەوشی ژیانیان. .




