٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

پارێزەرەكانی هاشمی داوا دەكەن سەرۆك تاڵەبانی وەك شایەت بانگهێشتی دادگا بكرێت

سەرچاوە: Xendan

لە سێیەمین دانیشتنی دادگاییكردنی موەكیلەكەیاندا، پارێزەرەكانی تاریق هاشمی داوا دەكەن كە سەرۆك تاڵەبانی‌و جێگرەكەی وەك شایەتی رەتكردنەوەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی هاشمی كراون، بانگهێشتی دادگا بكرێن.

كەناڵی "سكاینیوز عەرەبیە" لە هەواڵێكی بە پەلەدا بڵاویكردەوە كە پارێزەرەكانی تاریق هاشمی جێگری سەرۆك كۆمار لە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگاییكردنەكەی موەكیلەكەیاندا داوایانكردووە هەریەك لە مام جەلال سەرۆك كۆماری عیراق‌ و خوزەیر خوزاعی جێگرەكەی وەك شایەتی رەتكردنەوەی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی هاشمی كراون، بانگهێشتی دادگا بكرێن.

پێشتر هاشمی لە چەند چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا تەئكیدیكردبووە لەوەی مام جەلال سەرۆك كۆمار دڵنیایە لەوەی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی جێگەركەی كراون، هیچ بنەمایەكی راستییان نییەو چەند جارێكیش ئەوەی بە نوری مالیكی سەرۆك وەزیران راگەیاندووە.

سەر لەبەیانی ئەمڕۆ سێیەمین دانیشتنی دادگاییكردنی تاریق هاشمی لە شاری بەغدا دەستیپێكرد، كە تۆمەتبار كراوە بەوەی لەكاری تیرۆیتسییەوە تێوەگلاوە.

رۆژی 17ی كانوونی یەكەمی 2011، تاریق هاشمی جێگری سەرۆك كۆمار بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەیەكی سەرۆكایەتی كۆمار هاتە شاری سلێمانی‌و دوو ڕۆژیش دوای ئەو مێژووە دانپێدانانی ژمارەیەك لە پاسەوانەكانی بڵاوكرایەوەو تێیدا تۆمەتبار كرا بەوەی لەكاری تیرۆریستییەوە تێوەگلاوە، بەڵام سەرلەبەری ئەو تۆمەتانە لەلایەن هاشمیەوە ڕەتدەكرێنەوە.

هاشمی جەخت دەكاتەوە لەوەی پاسەوان‌و فەرمانبەرەكانی نووسینگەكەی لەژێر ئەشكەنجەداندا دانپێدانانەكانیان لێوەرگیراوە.

رۆژی یەكی نیسانی ئەمساڵ هاشمی لە هەرێمی كوردستانەوە بەرەو وڵاتی ئیمارات ڕۆیشت و پاش سەردانێكی چەند رۆژە بۆ قەتەر و سعودیە، بەرەو وڵاتی توركیا ڕۆیشت و لەو كاتەوە لە شاری ئەستەنبول نیشتەجێیە.

رۆژی هەشتی ئایاریش پۆلیسی نێودەوڵەتی ئینتەرپۆل یاداشتێكی دەستگیركردنی بۆ تاریق هاشمی دەركرد‌و رۆژێكیش دوای دەرچوونی یاداشتەكە، هاشمی رایگەیاند تا كاتی چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكانی عیراق، لە توركیادا دەمێنێتەوە، هاوكات توركیاش جەختیكردەوە لەوەی هاشمی تەسلیمی حكومەتی بەغدا ناكات.

دوێنێش هاشمی لە بەیاننامەكەیدا تەئیكیدیكردەوە لەوەی بەمزووانە دەگەڕێتەوە بۆ عیراق.

هەواڵی پەیوەندیدار