خۆپیشاندان لە ئەستەمبۆڵ و چەند شارێكی توركیا روویدا

ئەستەمبۆڵ - KDP.info/ لە ساڵوەگەڕی دەستگیركردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەركردەی بەندكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، شەقامەكانی ئەستەمبۆڵ و چەندین شارێكی كوردستانی باکورخۆپیشاندان و توندوتیژی بەخۆیەوە بینی، بەپێی هەواڵی كەناڵی تەلەفزیۆنی CNNturkڕۆژی رابردوو لە ساڵوەگەڕی دەستگیركردنی ئۆجەڵاندا لە كاتی خۆپیشاندانەكاندا پێكدادان لەنێوان خۆپیشاندەران و پۆلیس روویدا، لە ناوچەی شیشلی ئەستەمبۆڵ، گروپێك كە دەموچاوی خۆیان داپۆشیبوو بە بانگەواز و دروشم بەرزكردنەوە، پشتیوانی خۆیان لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەربڕی و بە بوتڵی مۆلۆتۆف هێرشیان كردە سەر دوو پاس و دوای دابەزاندنی سەرنشینەكانی، ئاگریان لە پاسەكان بەردا، لە ئامەدیش بە گوێرەی هەواڵەكە پۆلیس چەندین كەسی لەنێو خۆپیشاندەران دەستگیركرد، شایەنی باسە ئەم خۆپیشاندانانە هاوكاتە لەگەڵ ڕاپۆرتی پزیشكی دادوەریی توركیا لەسەر هۆكاری مردنی گەنجێكی كوردی خەڵكی ئامەد بە ناوی شاهین ئۆنۆر كەتێیدا دەركەوتووە بە پێچەوانەی ڕاپۆرتەكەی پۆلیس و ئیدارەی پارێزگای ئامەد، ئەو كەسە بەهۆی تەقینەوەی بۆمبەوە نەكوژراوە و بەڵكو ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی پۆلیسی توركیا بە سەری كەوتووە و كوشتویەتی.




