توركیا هەناردە كردنی زێڕی بۆ ئێران راگرت

تورکیا- KDP.info/ سەرەڕای ئەوەی كە هەفتەی رابردوو وەزیری دارایی توركیا دانی بەوەدا نابوو كە توركیا سەرەڕای گەمارۆكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران بەڵام هەناردە كردنی زێڕ لە توركیاوە بۆ ئێران بە هیچ شێوەیەك راناوەستێت، دوێنێ هەینی یەكێك لە بانكە دەوڵەتییەكانی توركیا رایگەیاند كە توركیا بڕیاری بە راگرتنی هەناردەكردنی زێڕ بۆ ئێرانی داوە.
بەرپرسێكی ئەم بانكە لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی رویتەرز ئاماژەی بەوە كردووە لە چوارچێوەی پرۆژەی گەمارۆ نوێیەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران، بانكە دەوڵەتییەكانی توركیایش بڕیاریان داوە كە هەناردەكردنی زێڕ بۆ ئێران رابگرن.
ناوبراو گوتیەتی: بێجگە لە بڕیاری راگرتنی هەناردەكردنی زێڕ بۆ ئێران، ئەم بانكانە بڕیاری ئەوەیشیان داوە كە ئەو بڕە پارانەی لە رێگای فرۆشتنی نەوتی ئێران بۆ هیندستانەوە بە دەست دەكەوێت رەوانەی ئێران نەكەنەوە و لە نێو بانكەكاندا رایبگرن.
جێگای ئاماژە پێكردنە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا ئێران گازی سروشتی هەناردەی توركیا دەكرد و توركیاش لە بەرامبەردا زێڕی هەناردەی ئێران دەكرد، بەڵام بەرپرسانی ئەمریكایی بانكەكانی توركیایان ئاگادار كردەوە كە دەبێت ئەمجۆرە دانوستاندنە بازرگانییە لە نێوان ئێران و توركیادا نەمێنێت. هەر بۆیە دوێنێ هەینی بانكەكانی توركیا بە شێوەیەكی گشتی بڕیاریان بە راگرتنی هەناردەكردنی زێڕ بۆ ئێران و روانەكردنەوەی ئەو پارانەی كە لە هییندستانەوە لە بەرامبەر كڕینی نەوت لە ئێران روانەی ئێران دەكرن لە نێو بانكەكانی توركیادا رابگیرێن.




