٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

پێدەچێت ئەمەریكا بۆ كۆتاییهێنان بە ڕەوشی سووریا پەنا بۆ كردەی سەربازی ببات

سەرچاوە: Hewler

فەرماندەی گشتیی سوپای ئەمەریكا (مارتین دێمپسی) ڕایگەیاند: ئەگەر توندوتیژی لە سووریا بەردەوام بێت، ئەوا پێدەچێت حكوومەتی وڵاتەكەی پەنا بۆ كردەی سەربازی ببات بۆ كۆتاییهێنان بە ڕەوشی نالەباری ئەو وڵاتە.

ناوبراو بە كەناڵی “سی ئێن ئێن”ـی وڵاتەكەی ڕاگەیاند: پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی فشارەكانی بە ئاراستەی كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی سەرۆكی سووریا (بەشار ئەسەد) چڕتر بكاتەوە، بێگومان ئەم كارەیش دەبێت لە ڕێی دیالۆگ و دانوستانەوە ئەنجام بدرێت.

(مارتین دێمپسی) ئاماژەی بەوەیش كرد، كە ئەگەر ئەم تەنگژەیە هەر بەردەوام بوو، ئەوا پێدەچێت ئەمەریكا پەنا بۆ بەكارهێنانی كردەی سەربازی ببات بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە كۆتایی بە دەسەڵاتی (بەشار ئەسەد) بهێنێت.

ناوبراو پێشتر بە كەناڵی “سی بی ئێس”ـی ئەمەریكیشی ڕاگەیاندبوو، ئەگەر بەرپرسانی كۆشكی سپی داوای لێ بكەن پلان بۆ كردەی سەربازی دژ بە سووریا دابنێت، ئەوا ئامادەیە لە ماوەیەكی كورتدا ئەو كارە ئەنجام بدات.

دەركردنی باڵیۆزەكانی سووریا لە ئەنقەرە و تۆكیۆ
هاوكات كاردانەوەكانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دژ بە كوشتارەكەی ڕۆژی شەممەی ڕابردووی “حولە”ـی سووریا زیاتر دەبێت و لەو چوارچێوەیەیشدا هەردوو حكوومەتی توركیا و ژاپۆن، باڵیۆزی سووریایان لە وڵاتەكەیان دەركرد.

وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە ڕێی بڵاوكردنەوەی بەیاننامەیەكەوە ئاشكرای كرد، حكوومەتی وڵاتەكەی داوای لە باڵیۆز و دیپلۆماتكارانی سووریا كردووە لە ماوەی 72 كاتژمێردا خاكی توركیا بەجێ بهێڵن.

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا هاتووە، پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كاردانەوەی زۆر توندی بەرامبەر بە حكوومەتی سووریا هەبێت، چونكە ئەو كوشتارەی ڕۆژی شەممە لە شارۆچكەی “حولە” ئەنجام درا، دەچێتە خانەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییەوە.

هاوكات حكوومەتی ژاپۆنیش هەمان جۆرە هەنگاوی هەڵگرت. وەزیری دەرەوەی ژاپۆن (كۆیچیرۆ گێمبا) ڕایگەیاند: حكوومەتی وڵاتەكەی داوای لە باڵیۆزی سووریا كردووە لە كورتترین ماوەدا خاكی ژاپۆن بەجێ بهێڵێت.

(گێمبا) ئەوەیشی ڕوون كردەوە، كە سوپای سووریا كوشتارەكەی شارۆچكەی “حولە”ی ئەنجام داوە و پێویست بەوە ناكات بەرپرسانی دیمەشقیش لەو بارەوە هیچ جۆرە لێدوانێكی سەیر بڵاو بكەنەوە. 

هەواڵی پەیوەندیدار