٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

پلانی"B" بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ (مالیكی) جێبه‌جێ ده‌كرێت

سەرچاوە: Hewler

لە كۆبوونەوەی نێوان سەركردە باڵاكانی هاوپەیمانیی كوردستانی و لیستی عێراقییە و ڕەوتی سەدر بڕیار لەسەر جێبەجێكردنی پلانی B دراوە. بەپێی ئەو پلانە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق متمانە لە سەرۆكوەزیرانی وڵاتەكەیان نووری مالیكی وەردەگرنەوە. كۆبوونەوەكەی دوكان تەواوكەری دوو كۆبوونەوەكەی هەولێر و كۆبوونەوەكەی نەجەف بوو. لە كۆبوونەوەی نەجەفدا لایەنە ناڕازییەكان بۆ تاكڕۆیی سەرۆكوەزیران نووری مالیكی، مۆڵەتێكی 6 رۆژەیان دیاری كرد و لە دەرەنجامەكەیدا دوێنێ بڕیاری سەندنەوەی متمانەیان لە مالیكی دا، ئەمەیش لە ڕێگەی كۆ كردنەوەی 163 دەنگی پەرلەمان لە كۆی 325 كورسی.

سەرچاوەیەكی نزیك لە كۆبوونەوەكە، دەڵێ كە لایەنەكان لەسەر كۆكردنەوەی ئیمزای پەرلەمانتارانیان بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی. دوای ئەو پڕۆسەیەیش سەرۆككۆمار جەلال تاڵەبانی داوا لە پەرلەمان دەكات كۆبوونەوەیەكی تایبەت بەو پرسە گرێ بدات. ئێستاكە پەرلەمانی عێراق لە پشوودایە و ئەگەر پڕۆسەكە لە كاتێكی نزیكدا جێبەجێ بكرێت، ئەوا پێویستی بە كۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان هەیە. ئەمە لە كاتێكدایە كە ناوەڕۆكی ئەو هەواڵەی لە ماڵپەڕی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە كۆبوونەوەكەی دوێنێ بڵاو بووەتەوە، بە هیچ شێوەیەك باس لە كۆكردنەوەی ئیمزای پەرلەمانتاران ناكات.

لەو هەواڵەدا جەخت لەسەر پابەندبوون بە دەستوور و ڕێككەوتننامەكان دەكرێت بۆ ئەوەی پڕۆسەی سیاسیی وڵات بخرێتە سەر ڕێچكەیەكی نیشتمانی. لەو كۆبوونەوەیەدا هەر یەك لە سەرۆككۆمار جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعوود بارزان)، سەرۆكی لیستی عێراقییە ئەیاد عەللاوی، سەرۆكی پەرلەمان ئوسامە نوجێفی و جێگری سەرۆكوەزیران ساڵح موتڵەگ ئامادە بوون. پێش ئەو كۆبوونەوەیەیش تاڵەبانی لەگەڵ نوێنەری موقتەدا سەدر و پەرلەمانتاران ئەحمەد چەلەبی و سەباح ساعیدی كۆ ببووەوە. ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئازاد سرێشمەیی پێی وایە دەكرێ 163 دەنگ بۆ سەندنەوەی متمانە لە مالیكی كۆ بكرێتەوە، بەڵام بە مەرجێك لیستی عێراقییە یەكگرتوویی خۆی بپارێزێت و لیستی ئەحراری سەر بە ڕەوتی سەدریش نەكەوێتە ژێر كاریگەریی دەرەكییەوە. بە پێی زانیارییەكانی ئەو پەرلەمانتارە، چەند پەرلەمانتارێكی سەر بە لیستی عێراقییە ڕێككەوتنی ژێربەژێریان لەگەڵ مالیكیـدا كردووە و لەسەر ئەوە ڕێك كەوتوون كە دەنگ بە سەندنەوەی متمانە لە سەرۆكوەزیران نەدەن. ئەمە لە كاتێكدایە كە سەرۆكی ڕەوتی سەدر موقتەدا سەدر جەخت لەسەر هاوهەڵوێستی لەگەڵ كورد و سوننەكان دەكاتەوە و دەڵێ: “بەداخەوە حزبی دەعوە هەموو چاكسازییەكانی ڕەت كردووەتەوە. سەدر لە وەڵامی پرسیاری یەك لە شوێنكەتووەكانیدا دەڵێ كە لەو بەڵێنەی بە لایەنەكانی دیكەی داوە (كورد و سوننە) پاشگەز نەبووەتەوە و جەخت دەكاتەوە ئەگەر 124 دەنگ كۆ كراوە، ئەوا ئەو دەیكات بە 164 دەنگ. ئەمە ئاماژەدانە بە 40 كورسییەكەی لیستی ئەحراری سەر بە ڕەوتی سەدر.

هەواڵی پەیوەندیدار