سامان فەوزی: ئەگەر لێکترازان نەبێت، دەنگی تەواو بەدەست دێنین بۆ لێسەندنەوەی متمانە لەمالکی

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵیت، ئەگەر سەرجەم ئەندامانی کوتلەکانی ھاوپەیمانی کوردستان ، رەوتی سەدر و عێراقییە ئامادەبن بۆ لێسەندنەوەی متمانە لەمالکی ئەوا کۆی دەنگەکان لە 163 کەس زیاتر دەبێت.
سامان فەوزی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ھاوپەمانی کوردستانی لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی پەیامنێری راگەیاند: ئەگەر بە زمانی ژمارەکان قسە بکەین ئەوا لایەنی کوردی لەگەڵ رەوتی سەدر نزیکەی 100 پەرلەمانتار دەبێت و لیستی عێراقییە 90 ئەندامی ھەیە ئەگەر لەو 90 کەسە 64 کەسیان دەنگ بۆ لێسەندنەوەی متمانە بدەن ئەو کاتە دەنگی تەواو دەبێت بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە مالکی.
وتیشی: مەرجە بۆ لێسەندنەوەی متمانە سەرجەم ئەندامەکان ئامادەبن و ھەروەھا لێکترازان لە نێو کوتلەکان روونەدات و بەیەکگرتوویی بمێننەوە، ئەوکات ژمارەی پێویست بۆ لێسەندنەوەی متمانە دەستەبەر دەبێت.
فەوزی ئاماژەشیدا: بەپێی لێکۆڵەرە سیاسیەکان ترسێک ھەیە لەوەی ھەندێک لە ئەندامانی ئەو لیستانە دەنگ بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە نوری مالکی نەدەن .
ھەروەھا وتیشی: ستراتیژ و ئامانج ئەوەیە قسە لەسەر ھەموو ئەگەرەکان بکرێت و کێشەی نێوان کوتلەکان چارەسەر بکرێت.
روونیشکردەوە: مەسەلەی لێسەندنەوەی متمانە دەبێت دوا ئەگەر بێت، چونکە کارێکی وا ئاسان نییە ، ھەروەھا لەوانەیە دەوڵەتی یاسا کاردانەوەی ھەبێت لەسەر ئەم بابەتە بۆیە پێویستە لە کاتی بڕیار دان لەسەر بابەتێکی ئەوھادا سەرجەم ئەگەرەکان تاوتوێ بکرێن.




