شوفێر تاکسییەکانی شاری سنە دەستیان بە مانگرتن کرد

سنە -kdp.info / بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی موکریان شوفێرانی تاکسییەکانی شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی پروتستوکردنی بەرنامەی نوێ ی هاتوچۆ لەو شارەدا دەستیان بە مانگرتن کردووە.
بە پێی بەرنامەی نوێی هاتوچۆ لە شاری سنە هاتوچۆی تاکسییەکان لە بەشێکی چەندین شەقام و کۆڵانی سەرەکی ئەم شارەدا بە هۆی قەرەباڵغبوونی هاتوچۆیەوە قەدەغەکراوە و هەر بۆیە شوفێری تاکسییەکانیش بە مەبەستی پروتستوکردنی ئەم بەرنامەیەی بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی شاری سنە دەستیان بە مانگرتن کردووە.
شوفێری تاکسییەکان لەو باورەدان کە ئەم بەرنامەیە ناتوانێت هیچ سودێکی بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی هاتوچۆ لە نێو شاری سنەدا هەبێت و بە پێچەوانەوە تەنیا زەرەری بۆ شوفێرەکانی تاکسی هەیە.
هەرچەند پۆلیسی هاتوچۆی شاری سنە ویستی پێش لەم مانگرتنە بگرێت، بەڵام شوفێر تاکسییەکان رووبەرووی پۆلیسی هاتوچۆ بوونەوە و چەندین تابلۆ و هێمای هاتوچۆی سەر شەقامەکانیان دەرهێنا و هەڕەشەیان لە پۆلیسی هاتوچۆ کرد، ئەگەر ئەم بەرنامەیە هەڵنەوەشێننەوە ئەوا مانگرتنەکەیان بەرفراوانتر دەکەن.




