عوسمان بایدەمیر: دەمیرتاش و تورک و بۆڵدان هەفتەی داهاتوو سەردانی ئوجەلان دەکەن

دیاربەکر- KDP.info/ سەرۆکی شارەوانی گەورەی دیاربەکر عوسمان بایدەمیر لە دییمانەیەکی تایبەتیدا لە گەڵ پەیامنێری رۆژنامەی جمهووریەتی تورکیدا باسی هەڵویست و سیاسەتەکانی تورکیای لە بەرامبەر کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا کردووە و گوتوویەتی: تورکیا هێشتا لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا دژایەتی گەلی کورد و هەبوونی کورد دەکات و سیاسەتی دژە کورد پەیڕەو دەکات.
عوسمان بایدەمیر لە بەشێک لەم دییمانەیەیدا گوتوویەتی: ئەگەر حکوومەتی تورکیا بە راستی دەیەوێت پرسی کورد چارەسەر بکات بۆچی هێشتاکە مافی پەروەردە بە زمانی کوردی بۆ کوردەکان بە رەوا نازانێت؟ ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە کە پێویستە زمانی کوردیش وەکو زمانی تورکی ببێتە زمانێکی پەروەردەیی و لە هەر هەموو قوناغەکانی پەروەردەییدا بەکار بهێنرێت.
سەرۆکی شارەوانی گەورەی دیاربەکر لە دریژەی ئەم دیمانەکەیدا سەبارەت بە چارەسەرکردنی پرسی کوردیش گوتوویەتی: زۆربەی هەرە زۆری کورد لە باکووری کوردستاندا پشتگیری لە چارەسەرییەکی هەمیشەیی، ئاشتیانە و خاوەن شەرەفی پرسی کورد دەکات و کورد بە هیچ شێوەیەک پشتگیری لە شەڕ و ئاژاوە نەکردووە و ناکات و داوای مافی هیچ کەسێکیشی نەکردووە و ناکات بەڵکو تەنیا داوای مافی خۆی دەکات.
لە لایەکی دیکەوە سەبارەت بە قوناغی نوێ دانوستاندنەکانی نێوان بەرپرسانی تورکیا و عەبدوڵڵا ئوجەلان ئەمرۆ میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە کە لە سەر داواکاری رەجەب تەییب ئەردۆغان بەدەپە ناچار بووە ناوی ئەو کەسانە کە دەیانەوێ بچنە ئیمراڵی و لەگەڵ ئوجەلاندا چاوپێکەوتن ساز بکەن گۆڕاوە و بەدەپە سێ ناوی ئاراستەی سەرۆک وەزیری تورکیا رەجەب تەییب ئەردۆغان کردووە و سەرۆک وەزیری تورکیا رەجەب تەییب ئەردۆغانیش رەزامەندی خۆی لە سەر سەردانی ئەم سێ کەسە بۆ ئیمراڵی دەربریوە و گوتوویەتی سەلاحەدین دەمیرتاش، ئەحمەد تورک و پەروین بۆڵدان دەتوانن هەفتەی داهاتوو سەردانی ئوجەلان بکەن.




