فراكسیۆنەكان بۆ دواخستنی مادەی كەمكردنەوەی بودجەی سێ سەرۆكایەتییەكە و پەسندکردنی رێککەوتن

هەولێر- تایبەت بە KDP.info / ئەمڕۆ لە پەرلەمانی كوردستان دانیشتنێكی دیكەی تایبەت بە پرۆژە بودجەی ئەمساڵی هەرێمی كوردستان سازدرا، لەمیانەدا جگە لەپەسەندكردنی چەند بڕگەیەكی یاساكە سەرجەم فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان بە ئۆپۆزسیۆنیشەوە لەسەر ئەوە رێككەوتن كە ئەو مادەیەی چەند رۆژێكە مشتومڕی زۆری لەسەرەو تایبەتە بە كەمكردنەوەی بودجەی سێ سەرۆكایەتییەكە بۆ كاتێكی دیكە و دوای پەسەندكردنی سەرجەم مادەكان دوابخرێت.
سەمیرە عەبدوڵڵا ئەندامی فراكسیۆنی كوردستانی لە پەرلەمانی كوردستان تایبەت بۆ KDP.info گوتی: چەند رۆژێكە بەهۆی ئەو مشتومڕ و پشێویانەی كە فراكسیۆنەكانی ئۆپۆزسیۆن لەهۆڵی پەرلەمان دروستیان دەكرد سەبارەت بە پێشنیاری كەمكردنەوەی بودجەی سێ سەرۆكایەتییەكە كە یەكێكە لە مادەكانی پرۆژە یاساكە نەدەوتوانرا دانیشتنەكان بەڕێوە بچێت، بەڵام سەر لەبەیانی ئەمڕۆ سەرجەم فراكسیۆنەكانی كوردستان لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمان رێككەوتن لەسەر دواخستنی ئەو مادەیە بۆ كاتێكی دیكەو دوای پەسەنكردنی سەرجەم مادەكان ئەویش بۆ ئەوەی سەرجەم فراكسیۆنەكان بەرێككەوتن بڕگەكانی ناو مادەكە دابڕێژن و دیاری بكەن كە ئەو بڕە پارەیە بۆ چ مەبەستێك تەرخان بكرێت.
ناوبراو گوتیشی: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دانیشتنێكی دیكەی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو خۆشبەختانە توانرا چەند مادەیەكی دیكەی پرۆژە یاساكە پەسەند بكەین بە زۆینەی دەنگەكان.
شیاوی ئاماژە بۆكردنە كاتژمێر 5 ی ئێوارەی ئەمڕۆ دانیشتنێكی تری پەرلەمان بەڕێوەچوو و تاوەكو ئامادەكردنی ئەو هەواڵە بەردەوام بوو.
بڕوا بەرزنجی




