محەمەد ڕەوف : بەبرادەرانی گۆڕان و كۆمەڵمان گوت، بینینی كاك مەسعود بارزانی دەرفەتێك دەبێت بۆ ئەوەی گلەییەكانی خۆمان بگەیەنین

هەولێر KDP.info / ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی ئەوە دەخاتەڕوو بەشداری كردنیان لە كۆبوونەوەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ ئەوە دەبێت كە بەردەوامی بدەنە سیاسەتی پێشووی خۆیان، ئاماژە بەوەش دەكات پەیامی خۆیان لەو كۆبوونەوە دەخەنەڕوو.
وابڕیارە ئەمڕۆ 13/2/2013سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كۆببێتەوە، ئەوەش بەمەبەستی وەڵام دانەوەی ئەو نامەیەی كە هاوپەیمانی نیشتیمانی ناردوویەتی وەك وەڵام دانەوەیەك بۆ داواكاری هەرێمی كوردستان، هەرچەندە گۆڕان و كۆمەڵ ڕایان گەیاندووە بەشداری كۆبوونەوەکە ناكەن، بەڵاًم یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بڕیاری داوە كە بەشدار بێت لەو كۆبوونەوەیەدا، لەم بارەوە محەمەد رەوف ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو بۆkdp.info گوتی : دوێنێ قسەمان لەگەڵ برایانی كۆمەڵ و گۆڕان کرد، ئەوان گوتیان بەشداری لەو كۆبوونەوەیە ناکەین، ئەویش لەسەر بنەمای ئەو رووداوانەی كە لە ناو پەرلەمان و ئەو هەڵوێستانەی ئۆپۆسیۆزن كە لەلایەن دەسەڵاتەوە گوێیان لێناگیرێت، گوتیان ئیتر بۆ بڕۆین بۆ كۆبوونەوە، ئێمە گوتمان بەشداری دەكەین لەسەر بنەمای سیاسەتی پێشوومان، چونكە پێش ئەوەی هیچ بڵێین دەرفەتی ئەوە هەیە كە لە كۆبوونەوەكەی كاك مەسعود بارزانی گلەییەكانی خۆمان و لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن بگەیەنین كە بۆچی بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ بودجە دەكرێت لە پەرلەمان.
ئەوەشی خستەڕوو پەیامی دووەمی بەشداری كردنیان لەو كۆبوونەوەیە ئەوەیە کە ئێمە لە مەكتەبی سیاسی باسمان كرد كێشەی هەولێر و بەغدا بە ئاسانی تەواو نابێت هەموومان پێویستە ئەو نووسراوەی ناردبوومان بۆ بەغدا وەڵامیان داوەتەوە، لە 10 خاڵدا پێویستی بە دیراسە و لیكۆڵینەوە هەیە، وەكو مەسئولیەتێك سەیرمان كرد، گوتی : وەكو لە داڕشتنی نامەكە بۆ بەغدا ڕاو سەرنجمان هەبووە، دەبێت لە وەڵام دانەوەش ڕاو سەرنجی خۆمان بدەین، چونكە كێشەكان بە ئاسانی كۆتایی نایەت.
دەربارەی بەشداری نەكردنی لایەنەكانی دیكەی ئۆپۆزسیۆن گوتی : ئێمە حەزمان دەكرد ئەوەی لە داڕشتنی نامەی یەكەم بەشداری كردووە، لە وەڵامەكەش بەشداری بكردبایە.
كارزان هەورامی




