لە ئەمریكا و كەنەدا پەخشی كاناڵی پرس تیڤی راگیرا

كەنەدا- KDP.info/ لە چوارچێوەی پرۆژەی نوێ گەمارۆكانی وڵاتانی رۆژئاوایی بە تایبەتی ئەمریكا بۆ سەر ئێران لە دوای كەرتی نەوتدا ئەمجارەیش كەرتی راگەیاندنی ئێران كەوتە بەر گەمارۆی وڵاتانی رۆژئاواییدا.
لەم چوارچێوەیەدا ئەمرۆ بەرپرسانی ئەمریكا و كەنەدا وەكو یەكەمین هەنگاو بریاریان دەركرد كە لەمرۆ بەدواوە پەخشی كاناڵی پرس تیڤی ئێرانی كە بە زمانی ئینگلیزی بەرنامەكانی پێشكەش دەكات رابگیردرێت.
حەفتەی رابردوویش وەزارەتی خەزنەداری ئەمریكا سازمانی سەدا و سیمای ( میدیای دەنگی و بیسراوی ئێران) و سەرۆكی ئەم دەزگایەی خستە نێو لیستی رەشەوە و لە بەرامبەردا كاناڵی پریس تیڤی ئێرانیش ئەم بریارەی بە بریارێكی شەرمهێن لە دژی ئازادی رادەربرین وەسف كرد. بەڵام حەفتەیەكی نەخایاند كە كاناڵی پریس تیڤیش كە لە سەر مانگی دەستكردی گاڵاكسی 19 لە ئەمریكا و كەنەدادا بەرنامەی پێشكەش دەكرد كەوتە بەر شەپۆلی گەماروكانەوە و پەخشی راگیرا.
جێگای ئاماژە پێكردنە كە هەر لە چوارچێوەی پرۆژەی گەمارۆكانی دژی ئێران پایزی ساڵی رابردووش مانگی دەستكردی یوتل سایتی فرانسیش پێشكەشكردنی خزمەتی بە 19 كەناڵی جۆراوجۆری سەر بە دەزگای سەدا و سیمای ئێرانی قەدەغە كردبوو.




