سەلاحەدین دەمیرتاش: ئەگەر پێویستی بە بەدەپە نەبێت، ئێمە خۆمان دەكێشینەوە

كوردستانی باكور- KDP.info/ ئەمرۆ هاوسەرۆكی پارتی ئاشتی و دیموكراسی ( بەدەپە) سەلاحەدین دەمیرتاش سەبارەت بە ئاستەنگ لە بەردەم سەردانی هاوسەرۆكەكانی بەدەپە بۆ لای ئوجەلان گوتی: نازانم حكوومەت و سەرۆك وەزیری توركیا چ جۆرە پلانێكیان هەیە و بۆ چی دەرفەت بە هاوسەرۆكەكانی بەدەپە نادەن لەگەڵ ئوجەلاندا چاوپێكەوتن ساز بكەن؟
دەمیرتاش لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا گوتی: ئەگەر بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد و بۆ ئەم قوناغە نوێیەی توركیا بەدەپە زیادە و بارگرانییە ئەوا ئێمە وەكو بەدەپە ئامادەین كە بە گشتی خۆمان لە قوناغەكە دوور بخەینەوە، بەڵام بە دوورخستنەوەی بەدەپە لە قوناغەكە كێشەكە نەتەنیا چارەسەر نابێت بەڵكو ئالۆزتر دەبێت، چونكە بەدەپە وەكو پارتییەكی كوردی رێگا پێدراو دەیەوێت زەمینەیەك بۆ ئاسانتر چارەسەركردنی پرسی كورد سازبكات، بەڵام وادیارە بەرپرسانی توركیا نایانەوێت زەمینەیەكی بەمجۆرە لە توركیا ئامادە بكرێت.
سەلاحەدین دەمیرتاش داوای لە حكوومەت و بەرپرسانی توركیا كرد كە ئەگەر بە راستی دەیانەوێت پرسی كورد چارەسەر بكەن، دەبێت دەرفەت بە هاوسەرۆكەكانی بەدەپە بدەن تا لەگەڵ ئوجەلاندا چاوپێكەوتن سازبكەن و ئەگەر رۆلێك بكەوێتە سەر ملی بەدەپە جێبەجێی بكات.




