٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەهۆی ناڕەزاییەكانی ئۆپۆزسیۆنەوە جارێكی دیكەش دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان دواخرا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- تایبەت بە KDP.info/هەرچەندە سەر لەبەیانی ئەمڕۆ دوای پەسەندكردنی پێشنیارێكی فراكسیۆنی كوردستانی بۆ كەمكردنەوەی 100 ملیار لە بودجەی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان، ئەندامانی فراكسیۆنەكانی ئۆپۆزسیۆن پشێویان خستە نێو هۆڵی پەرلەمانەوەو دانیشتەكەی پەرلەمان بۆ كاتژمێر 5 ی ئێوارەی ئەمڕۆ دواخرا، بەڵام دوای ئەوەی لەو كاتەدا پەرلەمانی كوردستان دانیشتنەكانی خۆی دەستپێكردەوە كە بڕیاربوو خوێندنەوە بۆ مادەی شەشەمی پرۆژە بودجەی ئەمساڵی هەرێمی كوردستان بكرێـت، دواتر بخرێتە دەنگدانەوە، جارێكی دیكەش سەرجەم ئەندامانی فراكسیۆنەكانی ئۆپۆزسیۆن هاتنە بەردەم سەرۆك و جێگرەكانی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئەمەش وەك ناڕەزاییەك لەبەرامبەر پەسەندكردنی پێشنیارەكەی فراكسیۆنی كوردستانی، كە بووە هۆی دروستبوونی پشێوی لەنێو هۆڵی پەرلەمان و دواجار بەناچاری سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بڕیاری دواخستنی دانیشتنەكەی بۆ كاتێكی دیكەدا.

سەباح بەیتوڵڵا ئەندامی فراكسیۆنی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بۆ KDP.infoرایگەیاند: تاوەكو ئێستا توانراوە پێنج ماددەی پرۆژە بودجەی ئەمساڵی هەرێمی كوردستان پەسەند بكەین، بەڵام ئێوارەی ئەمڕۆ كاتێك سەرۆكایەتی پەرلەمان داوای كرد دەستبكرێت بە تەواوكردنی دانیشتنی رابردوو كە بریتی بوولە خوێندنەوەی ماددەیەكی دیكەی پرۆژە یاساكە، فراكسیۆنەكانی ئۆپۆزسیۆن هەڵسانەوەو هاوسەنگی هۆڵی پەرلەمان تێكچوو بەو هۆیەشەوە دانیشتنەكە دواخرا.

شیاوی ئاماژە بۆكردنە تاوەكو ئامادەكردنی ئەو هەواڵە دانیشتنەكەی پەرلەمان دەستیپێنەكردۆتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار