سەندیكایەكی تایبەت بە هێزەكانی ناوەخۆ دادەمەزرێندرێت

هەولێر- تایبەت بە KDP.info/ بەمەبەستی كاركردن و بەرگریكردن لە مافەكانیان وابڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا بەهاوكاری سەندیكای پۆلیسانی هۆڵەندا سەندیكایەكی تایبەت بە هێزەكانی ناوەخۆی هەرێمی كوردستان دابمەزرێندرێت.
شێردڵ تەحسین ئەندامی لیژنەی ناوەخۆ لە پەرلەمانی كوردستان تایبەت بۆ KDP.info گوتی: لە ماوەی رابردوودا دوو جار شاندێكی یەكێتی سەندیكای پۆلیسی هۆڵەندا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن و هەردوو جار لەگەڵ ئێمە وەكو لیژنەی ناوەخۆی پەرلەمان دانیشتنیان ئەنجامداوە بۆ گفتوگۆ كردن لەبارەی كردنەوەی سەندیكایەكی تایبەت بە پۆلیس لە هەرێمی كوردستان و دامەزراندنی ئەو سەندیكایە كارێكی زۆر باش و سەردەمیانەیە بۆ بەرگریكردن لە هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش و هێزەكانی ناوەخۆ بەشێوەیەكی مەدەنیانە و ئەو سەندیكایە لە هۆڵەندا هەیە و تاكو ئێستا سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە.
شێردل گوتیشی: وابڕیارە لەهەرێمی كوردستانیش ئەو جۆرە سەندیكایە دابمەزرێت و بە مەبەستی گفتوگۆ و ئامادەكاری زیاتر لە رۆژانی ئایندە شاندە هۆڵەندیەكە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن و جارێكی تر دەست بەگفتوگۆ دەكەین بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەمبارەیەوە.
ئاماژەشیدا كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان خۆشحاڵی خۆی دەبڕیوە بۆ دامەزراندنی سەندیكایەكی تایبەت بە هێزەكانی ناوەخۆ، چونكە كاركردنی سەندیكا لەگەڵ رەوشی ئێستای هەرێمی كوردستان گونجاوە.




