٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کاردەکرێت كارەساتی 1974 ی قەڵادزێ بخرێتە ناو پرۆگرامەكانی خوێندنەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- تایبەت بەKDP.info / دوای ئەوەی لە رۆژانی رابردوو لەسەر داوایەكی فراكسیۆنی كوردستانی لە پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا كە ساڵڕۆژی بۆردومانكردنی شاری قەڵادزێ لە ساڵی 1974 ، بكرێت بە رۆژی شەهیدانی زانكۆ ئێستا فراكسیۆنەكە لە هەوڵی گرنگیدانی زیاترە بە ساڵڕۆژی ئەو كارەساتە.

 عومەر نورەدینی ئەندامی فراكسیۆنی كوردستانی لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ KDP.info گوتی: لە ماوەی رابردوو لەسەر پێشنیارێكی من فراكسیۆنی كوردستانی لە پەرلەمانی كوردستان پێشنیارێكی پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران كرد، كە بریتی بوو لە پرۆژەی گرنگیدانی زیاتر و بەرز راگرتنی ساڵرۆژی كارەساتی بۆردومانكردنی شاری قەڵادزێ و پێشنیارەکە چەند بڕگەیەكی لەخۆگرتبوو خۆشبەختانە لە رۆژانی رابردوودا سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران یەكێك لە بڕگەكانی ئەو پرۆژەیەی كردە بڕیار، ئەویش بریتی بوو لە ناونانی رۆژەكە بەناوی(شەهیدانی زانكۆ).

نورەدینی گوتیشی: سەرەڕای بڕیاردانی لەمەڕ ئەو بڕگە گرنگە، بەڵام چەند بڕگەیەكی تری پرۆژەكە ماوەو ئێستا ئێمە كاری لەسەر دەكەین بۆ ئەوەی بكرێت بە بڕیار ئەوانیش بریتین لەوەی ئەو كارەساتە بكرێت بە وانەیەك لەنێو پرۆگرامێكی خوێندن و لە قوتابخانەكان بخوێندرێت بۆ ئەوەی نەوەی نوێ زیاتر ئاشنایی ئازارەكانی گەلەكەیان بن.  هەروەها دروستكردنی مۆنۆمێنتێك لە شوێنی رووداوەكە كە شایستەی گەورەیی ئەو كارەساتە بێت و بۆ ئەو مەبەستە گفتوگۆكانمان لەگەڵ هەردوو وەزارەتی پەروەردە و شەهیدان بەردەوامە.

 شیاوی ئاماژە بۆكردنە لە 24-4-1974 لەلایەن پۆلێك فرۆكەی رژێمی روخاوی بەعسی عێراق، شاری قەڵادزێ و زانكۆی سلێمانی كە ئەوكات لە شاری قەڵادزێ بوو بۆمبباران كراو بەسەدان شەهید و برینداری لێكەوتەوە.

بڕوا بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار