فازل میرانی لە دیداری مەکتەبی سیاسی پارتی و سۆسیالیست: پاراستنی ئەم ئەزموونە ئەرکی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنە

ئەمڕۆ لەبارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەلاحەدین فازل میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە محەمەد حاجی مەحمود سکرتێری گشتی حزبی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان و شاندی یاوەری کرد.
لەم دانیشتنەدا کە ئازاد بەرواری و زەعیم عەلی و مەحمود محەمەد و د.کەمال کەرکوکی و جەعفەر ئیبراهیم ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و رەمزی شەعبان ئەندامی یەدەگی مەکتەبی سیاسی و ئەحمەد کانی بەرپرسی پەیوەندییەکانی نیشتیمانی پارتی ئامادەی بوون، فازل میرانی وێڕای زۆر بەگەرمی بەخێرهێنانی شاندی میوان، خۆشحاڵی خۆی بۆ بەرەو پێشەوەچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردولا دەربڕی و هەڵوێستەکانی بەرێز محەمەدی حاجی مەحمود لەهەموو بوارێکدا بە بەرزی نرخاندو بەهەڵوێستێکی نەتەوەیی لەقەڵەم دا.
لەم دیدارەدا فازل میرانی تەئکیدی لەسەر خاڵە زۆر و هاوبەشەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبی لە پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکاندا کردەوە و دووپاتی کردەوە کە ئەمەی ئەمڕۆ هەندێ کەس بە گرنگ نابینن ئێـمە بە پێچەوانە زۆر بە گرنگ هەڵیدەسەنگێنین و ئەو کەسەی دوێنێی نەدیبێ، زۆر زەحمەتە گرنگی ئەمڕۆی خۆی بزانێت.
هەروەها فازل میرانی تەئکیدی کردەوە کە نەتەوەی کورد و گەلی کوردستان بە قۆناغی جیاجیا تێپەڕیوون و لە میللەتێکی زوڵم لێکراو و هەڵگرتنی چەک دژی ستەمکاران و هەڵگیرساندنی شۆڕش و بەرخوەدان و ئازادی و چەسپاندنی هەندێک لە مافەکانی گەلەکەمان و ئاودانکردنەوەی وڵات و دروستکردنی پەیوەندی بەهێز لەگەڵ جیهان و وڵاتە دراوسێکانمان و زۆر قۆناغی تر و تێپەڕیوە، لەبەر ئەم چەندە پاراستنی ئەم ئەزموونە ئەرکی هەموو لایەکە بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوەو هەموو تاکی ئەم وڵاتە و لەم قۆناغەدا دەبێت هەموو لایەک ئیش لەسەر خاڵە هاوبەشەکان بکەین و خاڵە نا هاوبەشەکان لەسەریان بوەستین و چارەسەریان بکەین و ئەرکی هەموومانە ئەم ئەزموونە بپارێزین و بەرەو پێشی بەرین.
دواتر فازل میرانی لەم دیدارەدا ئاماژەی بەوەدا کە ئۆپۆزسیۆن لەهەر وڵاتێکدا هەوڵ دەدات کە بەهەڵبژاردن حوکم بگرنە دەست و کاتێ رەخنەش دەگرن بە بەرپرسیارانە و واقیعیانە رەخنەکە دەگرن، بەڵام بەداخەوە لەهەرێمی کوردستان ئۆپۆزسیۆن هەر شتێک کە حکوومەت ئەنجامی بدات بەخراپ لە قەڵەم دەدەن و ئەمە کارەساتە بۆ پێگەیشتنی کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردستان.
لای خۆشیەوە محەمەدی حاجی مەحمود سکرتێری گشتی حزبی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان وێڕای سوپاسکردنی مەکتەبی سیاسی پارتی بۆ رەخساندن و پێشوازی کردنیان لەم دیدارەدا تەئکیدی کرد کە حزبی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان پاراستنی دەسکەوتەکانی هەرێمی کوردستان بە ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری دەزانێت و پاڵپشتی لەو لایەنە دەکەین کە ئەم ئەزموونە دەپارێزێت.
هەروەها محەمەد حاجی مەحمود دوپاتی کردەوە کە گەلی کوردستان و گەلی کورد شانازی بە رابردووی خۆیان دەکەن و ئەو دەستکەوتانە کە لەمێژووی گەلەکەماندا بەدەست هاتووە هەر لە حکوومەتی شێخ مەحمودی حەفید و قازی محەمەد وتا زۆر لە قۆناغەکانی تر، بەڵام ئەمە یەکەمجارە گەلی کورد زیاتر لە بیست ساڵ حوکمی خۆی دەکات و دەبێت هەموو لایەک پاراستنی ئەم دەسکەوتە بە ئەرکێکی نیشتیمانپەروەرانە و نەتەوەییانە بزانن.
هەورەها سکرتێری حزبی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان پەیوەندی دوو قۆڵی لە نێوان پارتی و حزبی سۆسیالیست بە مێژوویی و زۆر سەرکەوتوو وەسف کرد و ئەمجۆرە دیدارانە و بەردەوام بوونیانی بۆ زیاتر لە یەکتر تێگەیشتن و نزیکبوونەوەو بۆ بەرژەوەندی کوردستان و خزمەتکردنی گەلی کوردستان بە پێویست زانی .
شایانی باسە شاندی یاوەری سکرتێری گشتی حزبی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان پێکهاتبوون لەم بەرێزانە: عەبدوللا حاجی مەحمود و محەمەد دۆڵاشی و فاتیح رەئوف ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و تانیا تاهیر ئەندامی یەدەگی مەکتەبی سیاسی.




