سه‌ركرده سیاسییه‌كان لە کۆبوونەوەکەی دوکان: بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه له مالكی ئیمزا کۆ دەکەینەوە

كه‌مێك له‌مه‌وپێش له هاوینه‌هه‌واری دوكان كۆبوونه‌وه‌ی پێنج قۆڵی كۆتایی پێهات، كه تیایدا تاوتوێی قه‌یرانی سیاسی ئێستای عیراق كرا.
كۆبوونه‌وه‌كه هه‌ریه‌ك له (جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆماری عیراق، مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌یاد عەلاوی سەرۆكی ئیئتیلافی عیراقییە، ئوسامە نوجێفی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و ساڵح موتڵەگ جێگری سەرۆك وەزیرانی عیراق) ئاماده‌بوون.
به وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار، سه‌ركرده سیاسییه‌كان له‌سه‌ر كۆكردنه‌وه‌ی ئیمزای په‌رله‌مانتاران رێككه‌وتن به مه‌به‌ستی وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه له مالكی، هاوكات، هاوکات موقته‌دا سه‌در رایده‌گه‌یه‌نێت کە لە به‌ڵینی وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه له مالكی پاشگه‌ز نابێتەوە و گوتوویەتی: "به هاوبه‌شكانیشمم وتووه؛ ئێوه (124) ده‌نگ به‌ده‌ست بهێنن‌و من ئه‌یكه‌م به (164) ده‌نگ".
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له كۆبوونه‌وه پێنج قۆڵییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی هاوینه‌هه‌واری دوكان، له لێدوانێكی تایبه‌ت به سایتی خه‌ندان، ئاشكرای کرد سه‌ركرده سیاسییه‌كان بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ئیمزا بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه له نوری مالكی رێككه‌وتن .
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ی سه‌ر به‌لیستی عیراقییه كه نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه، گوتیشی: "دوای كۆكردنه‌وه‌ی ئیمزا، له‌لایه‌ن سه‌رۆك كۆماری عیراقه‌وه داوا له په‌رله‌مان ده‌كرێت دانیشتنێك ببه‌ستن بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه له مالكی، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان له پشوی ته‌شریعیدایه، بۆیه پێده‌چێت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته دانیشتنی نائاسایی ببه‌سترێت".
سه‌رچاوه ئاگاداره‌كه، ته‌ئكیدیشی كرده‌وه: بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه ده‌نگی پێویستییان هه‌یه، ئاشكراشی كرد؛ جگه له سه‌درییه‌كان چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌ربه‌خۆی نێو هاوپه‌یمانیی نیشتیمانی له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه‌ن له نوری مالیكی به‌و پێیه‌ی ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی و سه‌باح ساعدی و چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی دیكه‌ی نێو هاوپه‌یمانی نیشتیمانی له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه‌كه‌ن.
هاوكات له وه‌ڵامی پرسیاری یه‌كێك له شوێنكه‌وتووانیدا، به‌ناوی (عه‌لی حه‌مزه به‌غدادی)، كه تیایدا ئاماژه به‌وه‌ده‌كات هه‌ندێك له سه‌ركرده‌كانی حزبی ده‌عوه هه‌واڵی ئه‌وه بڵاوده‌كه‌نه‌وه گوایه له وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه له سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پاشگه‌ز بوونه‌ته‌وه، شوێنكه‌وتووه‌كه ده‌نووسێت: "به ده‌ستنیشانكراوی ئه‌و وتانه له كاتێكدایه كه چاوتان به جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆمار ده‌كه‌وێت، ئایا ئه‌و قسانه راستن؟".
له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا، موقته‌دا سه‌در ، سه‌ركرده‌ی ره‌وتی سه‌در رایده‌گه‌یه‌نێت:"ئه‌و قسه‌یه دووره له راستییه‌وه"
موقته‌دا سه‌در، له وه‌ڵامه‌كه‌یدا جه‌خت ده‌كاته‌وه كه له‌و به‌ڵێنه‌كه‌ی پاشگه‌ز نه‌بووه‌ته‌وه (به‌ڵێنی وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه له مالكی) ئاشكراشی ده‌كات كه، به هاوبه‌شه‌كانی وتووه:" ئه‌گه‌ر ئێوه (124) ده‌نگتان كۆكرده‌وه، ئه‌وا من ئه‌یكه‌م به (164) ده‌نگ" وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌و (40) كورسیه‌ی كوتله‌ی ئه‌حراری سه‌ر به ره‌وتی سه‌در، له په‌رله‌مان.
له وه‌ڵامه‌كه‌یدا، موقته‌دا سه‌در هۆكاری ته‌ئكیدكردنه‌وه‌كه‌ی له‌سه‌ر به‌ڵێنه‌كه‌ی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه كه حزبی ده‌عوه چاكسازیكردن ره‌تده‌كه‌نه‌وه، نووسیویه‌تی:"به‌داخه‌وه، ئه‌و حزبه (تێكۆشه‌ره‌ی پێشوو) هه‌موو چاكسازییه‌كیان ره‌تكرده‌وه".




