ئەردۆغان: ئەگەر چارەسەری پرسی کورد ژەهریش بێت دەیخۆم

توركیا- kdp.info / سەرۆک وەزیری تورکیا رەجەب تەییب ئەردۆغان رۆژی دووشەممە لە شاری قەیسەری وەڵاتی ئەو رەخنانەی دایەوە کە سەبارەت بە دەست پێکردنی دانووستاندن لەگەڵ ئوجەلان وپرسی کورددا ئاراستەی کراون و وتی" من بریارم داوە کە بە هەر شێوەیەک دەبێت با بێت پێویستە توندوتێژی لە تورکیا نەمێنێت و خوێن نەرژێت و پرسی کورد چارەسەر بکەم. جا ئەگەر چارەسەر کردنی پرسی کورد ببێت هۆکاری لە دەست دانی دەسەڵات من هەر چارەسەری دەکەم و ئەگەر چارەسەر کردنی پرسی کورد ژەهریش بێت ئەوا من بە زانابوون و بە ئارمانجی نەهێشتنی نەخۆشی و خوێنرشتن ئەو ژەهرە دەخۆمەوە.
ئەردۆغان لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو کەس و لایەنانە کە بە هۆی هەوڵدانەکانی ئاکەپە بۆ چارەسەر کردنی پرسی کورد ئاکەپە تاوانبار دەکەن بە هیچ شێوەیەک بیر لە داهاتووی تورکیا و بەرەژوەندییەکانی تورکیا ناکەنەوە و نازانن کە توندوتیژی تا ئێستا چەندە زەرەری گەیاندووەتە تورکیا. ئاکەپە نایەوێت چی دیکە تورکیا نە لە رووی مرۆییەوە و نە لە رووی ماددییەوە رووبەرووی زەرەر و زیان ببێتەوە هەر بۆیە قۆڵی خۆی زۆر بە جدی هەڵ کردووە و پرسی کورد چارەسەر دەکات.




