بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، هونەرمەندانی تورک روو لە چیاکان دەکەن

توركیا- KDP.info / لەم چەند رۆژەی دواییدا بە مەبەستی پشتگیری کردن لە چارەسەر کردنی پرسی کورد لە تورکیا هونەرمەندە ناودارەکانی تورکیا دەستیان بە کەمپینێک لە ژێر ناوی رۆیشتن بۆ شاخ کردووە.
هونەرمەندانی تورکیا ئاماژە بەوە دەکەن کە ئارمانج لە راگەیاندنی ئەم کەمپینە پشتگیری کردن لە هەنگاوەکانی ئەم دواییەی حکوومەتی تورکیا و ئوجەلانە کە بۆ چارەسەر کردنی پرسی کورد نراون.
لەم بارەیەوە هونەرمەندی ناوداری سینەمای تورکیا خاتوو عایشەن گرۆدا وتی" ئەگەر پێویست بکات بۆ چارەسەر کردنی پرسی کورد من دەتوانم سەردانی قەندیل یا هەر چیاییەکی دیکە بکەم و لەگەڵ پەکەکەدا دەست بە گفتووگۆ بکەم و پەکەکە رازی بکەم کە بۆ چارەسەر کردنی پرسی کورد هەنگاو بنێت.
لە لایەکی دیکەیشەوە هونەرمەندێکی دیکەی تورکیا ئەدیز خان وتی" بۆ ئەوەی کە ئاشتی باڵ بە سەر تورکیادا بکێشێت ئامادەیە بجێتە سەر چیا و لەگەڵ پەکەکەدا قسە بکات.
هەر لەم چوارچێوەیەیشدا ئەکتەری ناوداری سینەمای تورکیا قادر ئینانر وتی" لە رابردوودا زڵمێکی یەکجار گەورە لە کورد کراوە بۆ ئەوەی قەرەبووی کورد بکرێتەوە پێویستە دەوڵەتی تورکیا بە خێرایی پرسی کورد لە چوارچێوەی داواکارییەکانی گەلی کورددا چارەسەر بکات و لەم چوارچێوەیەیشدا چی بکەوێتە سەر ملی من وەکو هونەرمەندێک ئامادەم جێبەجێ بکەم.




