عومەر نورەدینی: بودجە ھیچ کەموکوریشی نەبێت ئۆپۆزسیۆن دەنگی پێنادەت

هه ولیرَ- تایبەت – KDP.info / جێگری سەرۆکی لیستی کوردستانی لەپەرلەمانی کوردستانی عومەر نورەدینی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆkdp.info رایگەیاند: دوێنێ چوار مادە لە پڕۆژە یاسای بودجە پەسەندکراوە و ئەمڕۆش مادەی پێنجەم پەسەند دەکرێت.
عومەر نورەدینی گوتیشی: ئەو چوار مادەی کە دوێنێ پەسەندکراوە گرنگترین مادەکانن کە پێشتر گفتوگۆیێکی زۆری لەبارەوە کراوە تایبەتە بەداھات و مادەی پێنجەم کە ئەمڕۆی پەسەند دەکرێت تایبەتە بە کورتھێنان وخەرجییەکان کە ئەمەش گفتوگۆیه کی زۆری لەبارەوە کراوە.
جێگری سەرۆکی لیستی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان راشیگەیاند: ئەومادانەی کە ماون ڕەنگە زۆر گفتوگۆی لەبارەوە نەکرێت، چونکە ئەوەی کە زۆر گفتوگۆی پێویست بوو مادەی یەک تا پێنج بوو کە تایبەت بەداھاتوو وخەرجییەکان.
نورەدینی رونیشیکردەوە،چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو ڕۆژی یەکشەممەی داھاتوو تەواوی پڕۆژە یاسای بودجە پەسەند بکرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان پێشوەختە بڕیاریان داوە کە دەنگ بەبودجە نەدەن، بۆیە گەر بودجە ھیچ کەموکورتییەکیشی نەبێت ئەوان ھەر دەنگی پێنادەن.
پڕۆژە یاسای بودجە لە41 مادە پێكدێت و بڕەکەشی زیاتر لە14 ترلیۆن دینارە.
بڵند ئیبراھیم




