دیسان دەستوور پشتگوێ دەخات... مالیكی ئه‌فسه‌ره به‌عسییه‌كان دەگەڕێنێتەوە

پاش ئه‌وه‌ی دوێنێ 29ی ئایاری 2012، نوری مالیكی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌شاری موسڵ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی گرێدا، تیایدا چه‌ند گرفتێك دروست بوو، هه‌روه‌ها ئیمزا كۆكرایه‌وه بۆ دانانی سنورێك له‌به‌رده‌م جموڵی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دا، جگه له‌وه‌ش نوری مالیكی بڕیاریدا ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی به‌عس دابمه‌زرێنێته‌وه كه به‌هۆی یاسای ریشه‌كێشكردنی به‌عسه‌وه دوورخرابوونه‌وه.
به‌پێی گوته‌ی سه‌ركرده‌یه‌كی كورد بۆ رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت، نوری مالیكی، سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆكی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عیراق، بڕیاری داوه لیژنه‌یه‌ك پێكبهێنرێت بۆ دووباره گێڕانه‌وه‌ی سه‌ركرده و ئه‌فسه‌ره به‌عسییه‌كان بۆ نێو ریزه‌كانی سوپا و هێزه‌كانی ناوخۆ، ئه‌گه‌رچی ئه‌فسه‌ره‌كانی پارێزگای موسڵ "پێشتر بڕبڕه‌پشتی سوپای سه‌رده‌می به‌عس بوون و به‌شێوه‌یه‌كی ره‌ها گوێڕایه‌ڵی بڕیاره‌كانی سه‌دام بوون له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌سه‌ركرده و كه‌سه دیاره‌كانی حزبی به‌عس بوون له‌و سه‌رده‌مانه‌دا"، هه‌ر بۆیه دامه‌زراندنه‌وه‌یان مه‌ترسی ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و ئاینده‌ی عیراق.
ئه‌و سه‌ركرده كورده ئه‌وه‌شی گوتووه: "گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌فسه‌ره به‌عسییانه مه‌ترسییه بۆ ئاینده‌ی عیراق و كوردستان، له‌به‌رئه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕی به‌عسییه‌كان هۆكاربوون بۆ تێكدانی عیراق و ئه‌نجامدانی تاوان دژی خه‌ڵك له 35 ساڵی ده‌سه‌ڵاتیاندا".
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه: ئه‌و بڕیاره‌ی نوری مالیكی بۆ گێڕانه‌وه ئه‌فسه‌ره به‌عسییه‌كان؛ "ڕشتنی به‌نزینه به‌سه‌ر ئاگردا"، له‌م كاته‌دا و قه‌یرانی سیاسیی عیراق زیاتر په‌ره ده‌سه‌نێت نه‌ك ته‌نها له پارێزگای موسڵ، به‌ڵكو له‌سه‌رجه‌م پارێزگاكانی دیكه‌ی عیراق، له‌به‌رئه‌وه‌ی بڕیاره‌كه پارێزگاكانی دیكه‌ش ده‌گرێته‌وه.
هه‌ر لەوبارەیەوە عه‌دنان سه‌راج، یه‌كێك له سه‌ركرده‌كانی ده‌وڵه‌تی قانون و سه‌رۆكی ده‌زگای عیراقی بۆ گه‌شه‌پێدانی راگه‌یاندن، ده‌ڵێت: شاری موسڵ به‌ده‌ست هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆره‌وه ده‌ناڵێنێت و پشتگوێ خرابوو، كاتی ئه‌وه‌یه لای لێبكرێته‌وه و قه‌ره‌بوو بكرێته‌وه.
سه‌راج ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد: یه‌كێك له خاڵه گرنگه‌كانی سه‌ركه‌وتنی سه‌ردانه‌كه‌ی مالیكی بۆ موسڵ، په‌یوه‌ندی به ئه‌و به‌ره‌وپێشچوونه‌وه هه‌بوو كه روویداوه له‌په‌یوه‌ندی نێوان سه‌ركردایه‌تی فیرقه‌ی سه‌ربازی عیراق له‌وشاره و پارێزگاری موسڵ، كه ئه‌وه‌ش به‌شێكی زۆر له‌و ئاسته‌نگانه‌ی تێپه‌ڕاند كه ببونه رێگر له‌به‌رده‌م جموجوڵه سه‌ربازییه‌كانیاندا.




