لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان بەزۆرینەی دەنگ گەڕانەوەی بودجە بۆ حكوومەت رەتكرایەوە

هەولێر – تایبەت بە kdp.info/ ئەمڕۆ لە پەرلەمانی كوردستان دانیشتنێكی تری تایبەت بە پرۆژەی بودجەی ئەمساڵی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، لەمیانەدا راپۆرتی پێشنیارکراوەکەی فراكسیۆنەكانی ئۆپۆزسیۆن كە بۆ حكوومەتیان ناردبوو خوێندرایە و دوا ئەوەش وەڵامی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش خوێندرایەوە و دواتریش بەزۆرینەی دەنگ گەڕاندنەوەی پرۆژە بودجە بۆ حكوومەت كە لەلایەن ژمارەیەك پەرلەمانتارەوە داوا كرابوو، رەتكرایەوە.
لەدانیشتنەكەدا كە سەر لە بەیانی ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، هەریەكە لە وەزیری دارایی و بریكارەكەی و رێكخەری كاروبارەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان ئامادەی بوون، راپۆرتی فراكسیۆنەكانی ئۆپۆزسیۆن كە پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كرابوو بۆ ئەوەی بدرێت بە حكوومەت لەلایەن پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان كاردۆ محمد خوێندرایەوە و دواتر وەڵامی سەرجەم ئەو پرسیار و پێشنیارانەی لەو راپۆرتەدا ئاماژەی پێدرابوو لەلایەن سەعد خالد وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان خوێندرایەوە، دواتریش سەرۆكی پەرلەمان پێشنیازی گەرانەوەی پرۆژە بودجەی خەمڵێنراوی ئەمساڵی بۆ حكوومەت كە لەلایەن ژمارەیەك ئەندامی پەرلەمانەوە داواكرابوو خستە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ پێشنیازەكە رەتكرایەوە.
بڕوا بەرزنجی




