ئەگەری ئەوە هەیە کە کورد بە گشتی لە پەرلەمانی عێراق دەنگ بە پرۆژە بودجەی ئەمساڵ نەدات

هەولێر- تایبەت بە kdp.info بەهۆی ئەو تەگەرانەی دەخرێتە بەردەم بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن لیستی دەوڵەتی یاسای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەسەرۆکایەتی نوری مالکی و بەپێی رێکەوتنی نێوان کوتلە کوردیەکانی نێو پەرلەمانی عێراق ئەگەری ئەوە هەیە کورد بەگشتی دەنگ بە پرۆژە بودجەی ئەمساڵی عێراق نەدات.
د. رەوەز مەهدی خۆشناو ئەندامی لیستی هاوپەیمانی کوردستانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بۆ kdp.info گوتی: هەروەک پێشووتریش رامانگەیاندووە ئەمساڵ هەوڵی زۆر لەئارادایە لەلایەن لیستی دەوڵەتی یاسای پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی نوری مالکی بۆ تەگەر خستنە بەردەم پرۆژە بودجەی ئەمساڵ بەگشتی و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی و هەوڵەکانی زیاتر بۆ کەمکردنەوەی رێژەی لە %17 ی هەرێمی کوردستان و دابین نەکردنی مووچەی هێزی پێشمەرگە و دابین نەکردنی پارەی کۆمپانیاکانی نەوت دەدرێت.
ناوبراو گوتیشی: سەرجەم کوتلە کوردیەکانی ناو پەرلەمانی عێراق بەردەوامین لە هەوڵەکانمان بۆ رێگەگرتن لەو تەگەرانەو ئێستا ئێمە هەموو کۆکین لەسەر ئەوەی کە بەهیچ شێوەیەک دەنگ بە بودجەیەک نەدەین کە دژایەتی کوردی تێدا دەکرێت ئەگەر دەنگ نەدەین هەموو بەیەکەوە دەنگ نادەین و یەک هەڵوێستین.
بڕوا بەرزنجی




