هاشمى: لەنێوان عێراق و مالیكیدا یەكێكیان هەڵبژێرن

تاریق هاشمى جێگرى سەركۆمارى عێراق جارێكى تر راى گەیاند مانەوەى حكوومەتى نوورى مالیكى تیاچوونى عێراقە و داواى لە سەركردەكانى هاوپەیمانیى نیشتمانى كرد، لەنێوان عێراق و مالیكیدا یەكێكیان هەڵبژێرن.
هاشمى لە بەیاننامەیەكدا كە لە نووسینگەى كاتیى خۆى لە هەرێمى كوردستان دەرچووە ، جارێكى تر هێرشى كردەوە سەر حكوومەتەكەى نوورى مالیكى و تۆمەتبارى كرد بە ئەشكەنجەدانى پاسەوانەكانى لە بەندیخانەكاندا، كە ژمارەیەكیان تا ئێستە گیانیان لەدەست داوە.
هاشمى گوتى "مێژوو خۆى دووبارە دەكاتەوە بەڵام بە خراپتر لە جاران، هاووڵاتیی بێتاوان لە گیان و سامان و شەرەفى خۆى لەبەردەم دەسەڵاتدا دەترسێ و دەسەڵات واى لێهاتووە لەسەروو یاسا و دەستوورەوەیە.. و بە پاڵنەرى تایفەیى شاڵاوى سەركوتكردن و چەوساندنەوە دژ بە هەندێ ناوچە و پارێزگەى تایبەت پێڕەو دەكرێ".
هاشمى مانەوەى مالیكى و بەردەوامیى ئەو دۆخە بە مەترسی بۆ سەر ئێستە و داهاتووى عێراقییەكان لەقەڵەم دەدا و جەخت دەكا كە ئەركى هەموولایە كۆتایەكى خێرا بۆ دۆخەكە دابنێن، ئاماژە بەوەیش دەدا "دەرفەت بۆ گۆڕان هاتووەتەپێش و نابێ ئەم جارە شكست بێنن".
لە بەشێكى ترى بەیاننامەكەیدا هاشمى ئاماژە بەوە دەدا كە عێراقییەكان چاویان لە پێنج سەركردەكەیە تاڵەبانى، بارزانى، عەلاوى، نوجێفى و سەدر تا دۆخەكە بگۆڕن و داوا دەكا سەركردەكانى هاوپەیماینى نیشتمانیش بچنە ریزى ئەوانە و كۆتا بە حكوومەتەكەى مالیكى بێنن.
هاشمى لە كۆتادا دەڵێ "مانەوە و بەردەوامیى ئەم حكوومەتە تیاچوونى عێراقە، پاش ئەوەى مالیكى دەرفەتى درایە و رێزى پابەندییەكانى نەگرت تەنیا دوو بژارەمان لەبەردەمدایە، یان عێراق یاخۆ نوورى مالیكى و دەبێ سەركردەكان یەكێكیان هەڵبژێرن".




